کاتی پاکگژکردنی ئاژەڵی ماڵی توشبوەکان لە قەزای حەویجە. وێنە :964
لە کەرکوک
دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە قەزایەکی باشووری کەرکوک دوو هاوڵاتی بە پێی ئەو پشکنینانەی بۆیان کراوە تووشی تای خوێنبەربوون بوون و تەندروستیی کەرکوکیش هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاست کردەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 16.5.2024 ئەنجامی پشکنینی خوێنی دوو کەس گەڕایەوەتەوە تەندروستیی کەرکوک و دەرکەوت هەردوکیان توشی تای خوێنبەربوون بوون و لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدان.
سامان یابە، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک بە 964ـی وت، “ئەو دوو تووشبووە خەڵکی قەزای حەویجەی باشووری کەرکوکن و پێدەچێت کاری ئاژەڵداری بکەن لە ئێستادا داخلی نەخۆشخانە کراون و بارودۆخی تەندروستییان جێگیرە”.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ڤێتێرنەریی کەرکوک بە 964ـی وت، “تیمێکمان سەردانی ماڵی ئەو دوو هاوڵاتییەیان کردووە لە قەزاکە و پاک کراوەتەوە و پشکنین سەرجەم ئاژەڵ و ماڵ و منداڵیان کراوە”.
964 هەوڵی دا لە چەند سەرچاوەیەکی تەندروستی ئاماری گشتی تووشبووانی تای خوێنبەربوون بۆ ئەمساڵ بەدەست بهێنێت، بەڵام هیچ کام لە سەرچاوەکان ئامادە نەبوون رایبگەیەنن.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد
