22 کیلۆمەتر چوارگۆشەی مینڕێژە
هەڵەبجە دەبێتە خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی مین
964+
پێشەوا محەمەد
پارێزگای هەڵەبجە دەبێتە خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی مین و سەرۆکی دەزگاکە دەڵێت، بۆ تەواوکردنی هەیکەلی ئیداریی پارێزگاکە گرنگە.
دەزگای مین خاوەنی حەوت بەڕێوەبەرایەتییە و بەوەی هەڵەبجەوە دەبێتە هەشت بەڕێوەبەرایەتیی.
جەبار مستەفا ئەمین، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین بە 964ـی راگەیاند، بڕیاری کردنەوەی دەزگاکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دراوە و ماوەتەوە دروستکردنی هەیکەلی ئیدارییەکەی تا بینێرینەوە ئەنجومەن و رەزامەندیی لەسەر ئەوە بدرێت.
وتیشی، “هەڵەبجە سنوورێکە پێویستیی بەو دەزگایە هەیە، چونکە یەکێکە لەو ناوچانەی هێشتا سنووری پیسبووی بە چەک و تەقەمەنی و مین هەیە و دەبێت پاک بکرێتەوە”.
بەپێی ئامارەکانی دەزگاکە، 22 کیلۆمەتر چوارگۆشەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە مینی تێدا ماوە.
“دوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە و پێکهێنانی تیمەکان بۆی هەوڵی خاوێنکردنەوەی ئەو 22 کیلۆمەترە دەدرێت و لە دابینکردنی ئۆتۆمبێل و پێداویستیی دیکە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاریمان دەکەن”، ئەوەش قسەی جەبار مستەفا ئەمینە.