کەمپی تازەدێ پێش داخرانی - وێنە: میدیاکان
کەمپەکە داخراوە
120 خێزانی کەمپی تازەدێ لەناو گەرمیان نیشتەجێ بوون
پێشەوا محەمەد
کۆتا 120 خێزانی کەمپی تازەدێ لە گەرمیان چوونەتە ناوچە جیاوازەکانی گەرمیان و نیشتەجێ بوون، دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت، هیچ کێشەیەکیان نییە.
کەمپەکە بە بڕیاری حکومەتی عێراق بە تەواوی داخراوە و هەر خێزانێک بڕی چوار ملیۆن دیناری پێدراوە.
حەیدەر فازیڵ، بەرپرسی نووسینەگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، ئەو 120 ماڵە نەگەڕانەوە شوێنی خۆیان و لەسەر داوای خۆیان لە ناوچە جیاوازەکانی گەرمیان بڵاوبوونەتەوە.
وتیشی، “لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چاودێری کراون و کاروباری ئەمنییان پێ پڕکراوەتەوە و مۆڵەتی مانەوەیان پێدراوە”.
کەمپەکە پێشتر 500 خێزانی ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی عێراقی تێدا بووە و ئەوانی دیکە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
حەیدەر فازیڵ وتیشی، “زۆرینەی ئەو خێزانانەی ماونەتەوە بەرژەوەندی و ئیش و کاریان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دروستکردووە و بەو هۆیەوە نەگەڕاونەتەوە”.