لە نوێترین راپۆرتدا

رێکخراوێکی ئەمریکی: تورکیا دەیەوێت سنوری هەرێمی کوردستان بەتەواوی قوفڵ بکات

964+

فەهمی نەبی

لە نوێترین راپۆرتیدا رێکخراوى (CPT)ى ئەمەریکى رایگەیاندووە، سوپای تورکیا دەیەوێت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەهارە بەتەواوی سنووری هەرێمی کوردستان قوفڵ بکات و ئامانجی ئەمجارە داگیرکردنی چیای گارایە و ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامبدرێت ئەگەری ئاوارە بوونی 190 خێزان هەیە.

لە راپۆرتەکەی رێکخراوى (CPT) ئەوە هاتووە، “ئێستا تورکیا لە قۆناغی ئەنجامدانی ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنەکەدایە و لەم قۆناغەدا بە بۆردوومانی گوندەکانی دەووروبەری چیای گارا دەستێپێکردووە”.

ئەوەش هاتووە، “لەدوای ئەنجامدانی حەوت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسمانیی و خاکڕەوی سوپای تورکیا لە کانوونی یەکەمی 2017-ەوە تاوەکو نیسانی 2022، دەوڵەتی تورکیا توانی بەڕێژەی %86.2ی سنوری نێوان عێراق – تورکیا داگیر بکات و بە قوڵایی پێنج بۆ 40 کیلۆمەتر، 64 بنکە و بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا جێگیر بکات.

پێشینەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە

کامەران مەلا عوسمان، بەڕێوەبەری دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوى (CPT)ى ئەمەریکى بە 964ی وت،  لە 70 رۆژی سەرەتای ساڵی 2024-دا، سوپای تورکیا 141 بۆردوومانی لە پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە و لەو ژمارەیەش 75 بۆردوومان بۆ سەر گوندەکانی دەووروبەری چیای گارا بووە، ئامانج لەم هێرش و بۆردوومانانەش فشار خستنەسەر گوندنشینانی دەووروبەری چیای گارا بووە گوندەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، بەمەش رێگەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە و داگیرکردنی پانتاییەکی فراوانتری ناوچەکە خۆشتر و لەبارتر دەبێت، ئەمە جۆرێک تاکتیکی سوپای تورکیایە پێش ئۆپەراسیۆنەکان.

بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا چوار هاوڵایی گیانیان بەخشیووە

بەگوێرەی ئەو ئامارە بێت رێکخراوی (CPT) بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمساڵی تورکیاوە، چوار هاوڵاتی گیانیان بەخشیوە و یەکێکی دیکەش بەسەختی برینداربووە، لە 20ی شوباتی 2024-دا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی کافیایان کرد کە دەکەوێتە باشوری چیای گارا لە ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاکرێ و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی (بەشیر عومەر و عارف تەها) گیانیان بەخشی.

لە 8ی ئازاری 2024-دا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی دێویکێیان کرد کە دەکەوێتە باکوری چیای گارا لە ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاکرێ و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی (سەعید موبارەک و ئاراز فەرەج) گیانیان بەخشی و هاوڵاتییەکی تری مەدەنیش بە ناوی (ساڵح موبارەک) بەسەختی برینداربوو.

زانیاری لەبارەی چیای گارا

لە راپۆرتەکەی رێکخراوی (CPT) هاتووە، چیای گارا، ناوچەیەکی ستراتیژی بە بەهایە، بە شاڕێیی جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا دادەنردرێت و هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها ئەشکەوت و خەرەندەکانی ئەو زنجیرە چیایە بوونەتە پەناگەیەک بۆ راهێنان و خۆ حەشاردانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

چیای گارا بەرزیەکەی دوو هەزار و 251 مەترە لە ئاستی رووی دەریا و بە درێژایی 38.9 کیلۆمەتر هەر چوار قەزای مێرگەسۆر، ئاکرێ، ئامێدی و زاخۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە دامێن و قەدپاڵەکانی ئەو زنجیرە چیایەدا 94 گوند هەن، لەو ژمارەیە 55 گوندیان لەساڵی 1996-ەوە بەهۆی بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا بە تەواوی چۆڵبوون و ئێستا تەنیا 39 گوندی ئاوەدان لە دەووروبەری چیاکەدا ماونەتەوە.

ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەساڵی 2021 بۆ چیای گارا

بەپێی ئەو زانیاریانەی رێکخراوی (CPT) بڵاویکردوەتەوە، سوپای تورکیا یەکەمجار نییە، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی چیای گارا ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدات، بەڵکو لە مانگی شوباتی 2021-دا، تورکیا لە رێگەی شەش هیلیکۆپتەر و بە پشتیوانی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر چیای گارا ئەنجامدا و سەربازی بۆ سەر چیاکە دابەزاند، لەم ئۆپەراسیۆنەدا 12 زیندانی بە رەگەز تورک و زیندانییەکی بە رەگەز کورد کە لە دەستی پارتی کرێکارانی کوردستاندا بوون لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لە ئەشکەوتێکی چیای گارا کوژران، دوای چوار رۆژ لە شەڕ و پێکدادانی قورس، سوپای تورکیا لەسەر زنجیرە چیای گارا کشایەوە و کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند.

داواکاری رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی

“رێکخراوی (CPT) جەخت دەکاتەوە لەسەر دەسپێشخەری ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵۆزی و پێکدادانە چەکدارییانەی کە ماوەی 40 ساڵە لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا هەیە و بانگەواز لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ پاراستنی گیانی گوندنشینان و هاوڵاتییانی مەدەنی نیشتەجێبووی دەورووبەری چیای گارا و تەواوی گوندەکانی سەر سنوور”.

دوو وەزیری باڵای تورکیا و سەرۆکی میت سەردانی بەغدا دەک...

دوو وەزیری باڵای تورکیا و سەرۆکی میت سەردانی بەغدا دەکەن