وێنەی ئەو پرۆژانەی کە قەرزیان بۆ دەرچووە. فۆتۆ: پەیجی حکومەتی هەرێم
تا 150 ملیۆنیان پێدەدرێت
دوو پرۆژە قەرزی گەشانەوەیان بۆ دەرچوو
964+
ژووری هەواڵ
دوو پرۆژە لە دهۆک و هەڵەبجە قەرزی پرۆژەی گەشانەوەیان بۆ دەرچوو، هەریەکێکیان 20 تاوەکو 150 ملیۆن دینار وەردەگرن.
پرۆژەکان یەکێکیان کشتوکاڵییە و دەکەوێتە پارێزگای دهۆک، ئەوەی دیکەشیان کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پلاستیکە لە هەڵەبجە.
ئەمڕۆ هەینی 22.3.2024، ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964ـی راگەیاند، بەگوێرەی قەبارەی پرۆژەکە ئەو بڕە قەرزە دابیندەکرێت کە لەلایەن بانکی جیهان بەشێوەی چەک دەدرێت و شەش مانگ جارێک بڕێکی لێدەدرێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هێشتا 23 کار و پڕۆژەی دیکە ماون کە داواکاریی قەرزەکانیان قبوڵ بکرێت.
بەپێی زانیاریەکان 130 کارگە، کۆمپانیا و کاری کشتوکاڵی لینکی پڕۆژەکەیان پڕکردوەتەوە و کۆمپانیایەکی ئیتاڵی فلتەری ناوەکان دەکات.
هەشت مەرج هەیە بۆ وەرگرتنی ئەم بڕە قەرزە:
1 – پێویستە هاوڵاتی کوردستانی بیت و تەمەنی لەنێوان 21 بۆ 60 ساڵ بێت.
2 – نابێت لە هیچ دەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرابیت.
3 – پێویستە لەکاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکەتدا، بزنسەکەت بە لایەنی کەمەوە 12 مانگ کاری کردبێت.
4 – دەبێت شوێنی بزنسەکەت لە هەرێمی کوردستان بێت.
5 – پێویستە بزنسەکەت کەمتر لە 100 کارمەندی هەبێت.
6 – دەبێت کارەکەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابێت و ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (UPN) و ژمارەی بازرگانیی بێهاوتا (UEN) هەبێت.
7 – ئەگەر بزنسە کشتووکاڵیەکەت یان کارگەکەت لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان تۆمار نەکراوە، ئەوا پێویستە تەنها ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (UPN) بەدەست بهێنیت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری.
8 – تەنها یەکجار دەتوانیت داواکاری پێشکەش بکەیت.