دوای هەڵمەتی دانانی ئاڵای تاجیکستان

بۆکان جاف: بۆ دانانی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان پاڵپشتیەکی بەهێزمان بەدەستهێناوە 

964+

فەهمی نەبی

دوو رۆژە بەشێوەیەکی بەرفراوان هەڵمەتی دانانی ئاڵای وڵاتی تاجیکستان لە کۆمێنتی پۆستەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەستیپێکردووە، بۆکان جاف شارەزای بواری تەکنۆلۆژی سەرپەرشتی هەڵمەتەکە دەکات و دەڵێت: بۆ دانانی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان پاڵپشتیەکی بەهێزمان بەدەستهێناوە.

پێشینەی دانانی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان

لە مانگی چواری ساڵی 2000 هەڵمەتێکی ئیمزا کۆکردنەوەی ئەنجامدرا گوایە 100 هەزار ئیمزا دەبێتە پاڵپشتی بۆ دانانی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان، بەڵام ئەم هەوڵە هیچی لێ شین نەبوو.

سەرەتای مانگی سێی ساڵی 2022 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە پەیجی فەرمی خۆی رایگەیاند “دوای هەوڵێکی زۆر رێکخراوی ISO ھەرێمی کوردستانی لەناو سیستمی خۆی بە کۆدی (IQ-KR) وەک ھەرێمێک ناساند” لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان بە کۆدی (KR) چووەتە پاڵ کۆدی عێراق کە (IQ)ە.

هەوڵەکەی بۆکان جاف

رۆژی 21.3.2024 بۆکان جاف لە پەیجی خۆی ئەمەی نووسی، “بۆ هەموو کوردان لەهەر شوێنێکی ئەم زەمینەدان، تکایە ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان پۆست بکەن، لە کۆمێنت و هەموو سۆشیال میدیا و ئەکاونتەکانتان”، دوای ئەم پۆستە تێبینی کرا بەشێوەیەکی بەرچاوە بەشداربووان ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستانیان دانا، بەڵام ئەم کارە بەدەر نەبوو لە رەخنە، بەشێک لەوانەی رەخنەیان گرتووە دەڵێن، “ئەم کارە بە دانانی ئاڵای تاجیکستان ناکرێت، بەڵکو دەبێت عێراق رەزامەندی بدات”.

بۆکان جاف بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت: ئەو رەخنانەی لەدوو رۆژی رابردوودا لەو هەوڵە گیراون هەمان ئەو رەخنانە بوون کاتێک ویستمان زمانی کوردی لە گوگڵ زیاد بکەین، بەڵام دواتر ئەنجامەکان دەرکەوتن و سەرکەوتین، راستە هەبوونی دەوڵەت رێگای سەرەکییە بۆ ئەوەی تۆ ئیمۆجی وڵاتەکەت زیاد بکەی، بەڵام شوێن هەیە کەیسیان نزیکە لەوەی هەرێمی کوردستان و ئیمۆجی خۆشیان هەیە.

ئەوەشی وت، “ماوەیەکە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین و پاڵپشتیەکی بەهێزمان بەدەستهێناوە و ئەوانەی لە پشتی ئەم بابەتەن کەسانی ئاسایی نیین، هەموویان شارەزا و بلیمەتن و ئەوان پێیان باش بووە ئەم رێگایە لەناو خەڵک بوروژێنرێت”.

خەڵک دەپرسن بۆ ئاڵای تاجیکستان؟

بۆکان جاف دەڵێت: لەبەرئەوەی ئاڵای تاجیکستان زۆر لە ئاڵای کوردستان دەچێت، ئەمەش هەر لە خۆوە نەبووە، بەڵکو لەناو هەموو ئیمۆجییەکان گەڕاوین، ئەوەی تاجیکستان لەهەموویان زیاتر لە ئاڵای کوردستان نزیکتر بوو، دانانی ئاڵای تاجیکستان باشترین رێگەیە بۆئەوەی خەڵک تاقیبکەیتەوە و بزانی ئایا خواستیان لەسەر زیادبوونی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان هەیە یان نا.

بەگوێرەی وتەی سەرپەرشتاری هەڵمەتەکە، ئەم پرۆسەیە بۆماوەی یەک مانگ چاودێری دەکرێت، لە 21.3.2024 تا 21.4.2024 دواتر داوای داتا دەکرێت و دەزانرێت چەند کەس خواستی لەسەر دانانی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان هەیە، بۆکان جاف دەڵێت: دڵنیام کاتەکە زۆر ناخایەنێت.

ئیمۆجی تاجیکستان شۆڕشە نوێیەکەی سۆشیاڵ میدیای کوردی

ئیمۆجی تاجیکستان شۆڕشە نوێیەکەی سۆشیاڵ میدیای کوردی