کوردانە

ئیمۆجی تاجیکستان شۆڕشە نوێیەکەی سۆشیاڵ میدیای کوردی

964+

بۆتان لوقمان

سەرەتا دەمەوێت تۆزێک بگەڕێمەوە دواوە و دەچینە ساڵی 2020، گەنجێک بەناوی ئەحمەد موستەفا هەڵمەتێکی بەرفراوانی راگەیاند بۆ زیادکردنی ئیمۆجی کوردستان، دواتر دەرکەوت هەڵمەتەکە چەواشەکاری بوو بەناوی کۆشکی سپییەوە کرا و داوای کۆکردنەوەی زیاتر لە 100 هەزار ئیمزا کرا، خەڵکی بەلێشاو بەشداریان کرد و زیاتر 100 هەزار ئیمزا لە ماڵپەڕەکە تۆمار کرا، بەڵام هیچ رووینەدا.

دوو ساڵ دوای ئەمە و لەساڵی 2022 لەلایەن حکومەتەوە هەوڵی ئەوە درا کە بە فەرمی ئیمۆجی کوردستان زیادبکرێت، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر بەهۆی رازینەبوونی عێراق بابەتی ئیمۆجییەکە شکستی هێنا و کوردستان تەنیا بە هەرێم لەناو رێکخراوەکە تۆمارکرا و کۆدی (IQ -KR)ی پێدرا کە تایبەتە بە هەرێمەکان.
ئیمۆجی ئاڵا لەژێر دەستی دامەزراوەی یونیکۆدە و هەر وڵات و نەتەوەیەک کۆدی خۆی هەیە و کۆدەکانیان لەدوو پیت پێک دێن
بۆ نموونە کۆدی عێراق IQە، بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە ئیمۆجی پێویستە کۆدەکەی لە چوار پیتەوە بێتە دوو پیت و کۆدی IQی عێراقی لێ ببێتەوە.

گەنجێکی شاری هەڵەبجە لە دوێنێوە وای کردووە تەواوی سۆشیاڵ میدیا بە ئیمۆجی وڵاتی تاجیکستان بتەنێت، هۆکاری بەکارهێنانی ئەم ئاڵایەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە تا داتای پێوەربگرێت، بەڵام بابەتی داتا هیچ پەیوەندی بەزیادکردنی ئیمۆجییەوە نییە.

بابەتی ئیمۆجی بابەتێکی یاساییە و لەلایەن یونیکۆد و تایبەتتر لەلایەن رێکخراوی ئایسۆوە بەڕێوەدەچێت،هەر وڵات و نەتەوەیێک بیەوێت ئیمۆجی هەبێت پێویستە لەلایەن ئەم رێکخراوە رێگای پێبدرێت.