هاوینان وشک و برینگە

ئاوى رووبارى ئاوەسپى بەفیڕۆ دەچێت

964+

سیروان خورشید-دوزخوماتوو

روباری ئاوەسپی لەدوزخوماتوو کە لە ئاوی باراناوی نزیکەی 40 گوند و چەم و دۆڵەکانی ناوچەی داودەوە سەرچاوە دەگرێت، بەهۆى نەبونی هیچ بەربەست و بەنداوێک بۆگلدانەوە، ئاوەکەى بەفیرۆ دەچێت و سودى لێنابینرێت.

محەمەد جاسم، هاوڵاتییەکی خورماتووە لەبارەى بەفیرۆچوونى ئاوەکە بە 964ـى وت،”ساڵانە لەوەرزی هاویندا بێئاوی روودەکاتە گوندەکانی سنوری قەزاکە و لەرووی کشتوکاڵی و ئاودێری و ئاژەڵدارییەوە سود لەو ئاوە زۆرەی ئێستای روبارەکە نابینن، چونکە هیچ بەربەست و بەنداوێکی بۆ دروست نەکراوە”.

ئەندازیار ئەحمەد خەیروڵڵا، بەڕێوبەری سەرچاوە ئاوییەکانی سەڵاحەدین قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: چەند جارێک نوسراویان ئاڕاستەی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی بەغدا کردووەو چەندین جار لێکوڵینەوە لەسەر دروستکردنی بەنداوێک لەسەر روبارەکە کراوە، بەڵام نەگەیشتوینەتە هیچ ئەنجامێک.

“بەهۆى ئەوەی پانتایی رووبارەکە زۆرەو زەوی ئەو سنورە نەرمەو توانای بەرگریەکی کەمی هەیەو بەماوەیەکی کەم دادەڕوخێت و شکست دەهێنێت، بۆیە نەتوانراوە هیچ بەربەستێک بۆ گلدانەوەى ئاوەکە دروستبکرێت”، بەڕێوبەری سەرچاوە ئاوییەکانی سەڵاحەدین واى بە 964 وت.

باسى لەوەشکرد، سەرچاوەی ئاوەکە لە رۆژهەڵاتی قەزاکەوە شۆڕدەبێتەوە بەرەو ناوچەی زەرگە، گەر بێت وبەربەست یان بەنداو دروست بکەن لەخورماتوو ئەوە ناوچەکانی خۆرئاوای قەزاکە بێبەش دەبن لێی، لەئێستادا لەگەڵ وەزارەت لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی پلانێک بۆ گلدانەوەی ئاوەکە بۆ ئەوەی بەفیرۆنەچێت و ھەمووان سوودمەندبن لێی.

روباری ئاوەسپی لەرۆژهەڵاتى قەزاکەوە سەرچاوە دەگرێت و بە سنورى خورماتوودا بەرەو رۆژئاوا شۆڕدەبێتەوە، لە هەردوو بەشى رۆژهەڵات و رۆژئاواى قەزاکەش نزیکەى 70 گوند و ناوچەکەى لەسەرە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

هەفتەیەکە دوو ناحیەی خورماتوو و گوندەکانی بێئاون

هەفتەیەکە دوو ناحیەی خورماتوو و گوندەکانی بێئاون