بەهۆی لافاو
هەفتەیەکە دوو ناحیەی خورماتوو و گوندەکانی بێئاون
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی قەزای دوزخورماتوو، زیانی بە بۆریەکی سەرەکی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەی دوو ناحیە و نزیکەی 20 گوندی دەوروبەری سنورەکە گەیاندووە و ماوەی یەک هەفتەیەكه بێ ئاو ماونەتەوە.
خالد مەجید، دانشتوی ناحیەی سلێمان بەگ بە 964ی وت، هەفتەیەکە بە تانکەر ئاو دەسێنین، لایەنی پەیوەندیداریش بە کەمتەرخەم دەزانێت و دەڵێت، “فەرمانگەی ئاوی قەزای خورماتوو زۆر بێباکە لێمان و کەس خۆی بە خاوەنمان نازانێت”.
ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاوی دوزخوماتوو بە 964ی وت، ئەوان ئاگاداری کێشەکە هەن و دەڵێت، هەفتەی پێشوو بەهۆی لافاوەوە چەند بۆریەکی سەرەکی لەنێوان خورماتوو و ناحیەکان و گوندەکانی باشوری قەزاکە لێک ترازاون و شکاون و بەشێکیان لافاو بردونی.
دەشڵێت، سێ رۆژە سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆریەکانن بەڵام جۆری ئەو بۆریانەی کە لافاوەکە شکاندونی دەستناکاوێت و لەجۆرەکانی 12 ئینج و 24 ئینجن و دەڵێت لە شاری بەغدا لەو جۆرانە دەست دەکەوێت.
وتیشی، لەماوەی دوو بۆ سێ رۆژی تر کێشەکە چارەسەر دەکەن و داواکاریشە خەڵکی ناوچەکە دان بەخۆیاندا بگرن و هاوکاریان بن تاوەکو بەتەواوی کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکەن.
پێداچوونەوە: هاوبەش