ساغکردنەوە
ئایا بەهۆی کەوتنی ستوونی کارەباوە لە پێنجوێن کارەبای هیچ جێگایەک بڕاوە؟
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەهۆی کەوتنی دوو ستوونی کارەبا لەسەر رێگای باشماخ – پێنجوێن تەنیا کارەبای چەند باخێک لە نزیک ئەو ستوونانە بڕاوە.
کارەبای باشماخ و گوندەکان کە لەسەر ئەو هێڵەن نەبڕاوە و کێشەی نییە.
لەو بارەیەوە بەهادین عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بەشی چاککردنەوەی کارەبای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، دوای ئەوەی پێیان راگەیاندراوە کە بەهۆی باران و بای بەهێز زیان بە چەند ستوونێکی کارەبا کەوتووە سەردانی جێگاکەیان کردووە و دەرکەوتووە دوو ستوونی کارەبا لاربوونەتەوە و کێبڵەکانیان کەوتوونەتە سەر شەقام.
وتیشی، لەبارەی بڕانی کارەباوە بەهۆی کەوتنی دوو ستوونەکەوە کارەبای سێ باخ لەوێدا بڕاوە و بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێت بۆ وێستگەی کارەبا لە ئێستادا کارەباکانیان قەتع کراوە و کارەبای مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ هەڵکراوە و کێشەی نییە.
باسی لەوەشکرد، ئەو هێڵەی کارەبا هیچ گوندێکی لەسەر نییە و ئەو ستوونانەی کەوتوشن پەیوەندی بە خاوەن باخەکەوەیە لەبەر ئەوە بەشی چاککردنەوەی کارەبای پێنجوێن چاکی ناکاتەوە و داواش لە خاوەن باخەکان کراوە ستوونەکان لاببەن و بیخەنە پاڵ جادەکەوە تاوەکو رووداوی نەخوازراوی لێ نەکەوێتەوە.
نزیک کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ، ڤیدیۆیەک دەست 964 کەوت کە دەردەکەوێت لەسەر رێگای باشماخ – پێنجوێن دوو ستوونی کارەبا کەوتوون و چەند چینکۆ و جەمەلۆنێکی باخەکانی دەورووبەری ئەو جادەیە کەوتوونەتە سەر شەقامی گشتی و هۆکارەکەشی بەهۆی بوونی باران و بای بەهێز بووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی