كلاسیكۆی ئیسپانیا له‌ سعوودیه‌ ده‌كرێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یانه‌ی بارسێلۆنا خۆی گه‌یانده‌ یاری كۆتایی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا، به‌مه‌ش جیهان چاوه‌ڕێی یارییه‌كی دیكه‌ی كلاسیكۆ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌ سعوودیه‌ ده‌بێت.

له‌ یاری پێش كۆتایی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا، یانه‌ی بارسێلۆنا به‌ ئه‌نجامی 4-2 گۆڵ به‌ لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان له‌ یانه‌ی ریال بێتیسی برده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ كاتی ئاسایی و زیادكراودا به‌ 2-2 گۆڵ یه‌كسان بوون.

یارییه‌كه‌ شه‌وی رابردوو له‌ ریازی پایته‌ختی سعوودیه‌ كرا و تێیدا گۆڵه‌كانی بارسێلۆنا لێڤاندۆڤسكی و ئانسۆ فاتی تۆماریان كرد، گۆڵه‌كانی ریال بێتیس نه‌بیل فه‌قیر و لۆرێنزۆ مۆرن تۆماریان كرد، پاشان به‌ لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان بارسا بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد، دوای ئه‌وه‌ی تێر شتیگنی گۆڵپارێزی بارسا دوو لێدانی یاریزانانی بێتیسی گه‌ڕانده‌وه‌.

به‌م شێوه‌یه‌ بارسێلۆنا گه‌یشته‌ یاری كۆتایی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا و یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو رووبه‌ڕووی یانه‌ی ریال مه‌درید ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی دوایی له‌ یاری پێش كۆتایی له‌ ڤالێنسیای برده‌وه‌.

یه‌كشه‌ممه‌ كاتژمێر 22:00 هه‌وادارانی وه‌رزشی یارییه‌كی دیكه‌ی كلاسیكۆ له‌ نێوان بارسا و ریال ده‌بینن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌ پایته‌ختی سعوودیه‌ ده‌بێت.

یه‌كشه‌ممه‌ كاتژمێر 22:00 هه‌وادارانی وه‌رزشی یارییه‌كی دیكه‌ی كلاسیكۆ له‌ نێوان بارسا و ریال ده‌بینن

جامی سوپه‌ری ئیسپانیا له‌وه‌ته‌ی 1982ـه‌وه‌ له‌ نێوان پاڵه‌وانی خول و پاڵه‌وانی جامی شای ئیسپانیا دێته‌ ئه‌نجامدان، كه‌ هه‌موو ساڵێك پێش ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێ یه‌ك یاری ده‌كرا، به‌ڵام له‌ 2018 سیستمی جامه‌كه‌ گۆڕا و چوار تیپ تێیدا به‌شدارده‌بن و له‌ ناوه‌ڕاستی وه‌رزدا ده‌كرێت، هاوكات بۆ بره‌وپێدانی بازرگانی تۆپی پێی ئیسپانیا، سێ جارە ركابه‌رییه‌كان له‌ سعودیه‌ ده‌كرێت.