ریقنە بەسەر خورماوە بووە

سەوزە و میوەفرۆشێک لە سلێمانی سزا درا

پێشەوا محەمەد

بەهۆی بوونی پاشەڕۆی قرتێنەرەکان و سەوزەی خراپبوو لە دوکانەکەیدا، سەوزە و میوەفرۆشێک لە شاری سلێمانی داخرا.

لیژنەکانی چاودێڕیی بازرگانیی سلێمانی چوونەتە دوکانەکە، کە لەسەر شەقامی شوقەکانی کورد سیتی بووە.

بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دوکانەکە پسوڵەی سەرپێچیشی بۆ کراوە و بەڵێننامەی پێ پڕدەکرێتەوە لە ئەگەری پابەند نەبوونی بە رێنماییە تەندروستییەکان سزای تووندتری دەدەن.

وتیشی، “لەناو خورمای ئەو دوکانە پاشەڕۆی قرتێنەرەکان و ریقنەی باڵندە هەبووە، هەروەها تەماتە و خەیار و سەوزەی خراپبووی هەبووە و بە هاوڵاتیانی فرۆشتووە”.

چاودێریی بازرگانیی سلێمانی لە رێگای چوار لیژنەوە چاودێریی دوکان و بازاڕەکان دەکات و سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخ و خراپیی کوالێتیی خۆراک و شمەکەکان لێپرسینەوە لە دوکاندارەکان دەکات.

“ئێمە جگە لەناوبازاڕ بەردەوام مارکێت و دوکانەکانی کۆڵان و شەقامە گشتییەکانیش دەپشکنین و چاومان لەسەریان دەبێت”، بڵند ئەحمەد وای وت.