هەولێر له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌كی پله‌ چواری توركیا یه‌كسان بوو

+964

ئەرسەلان عەبدوڵڵا – هەولێر

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ كه‌مپه‌ مه‌شقییه‌كه‌ی له‌ توركیا، یارییه‌كی دۆستانه‌ی به‌رامبه‌ر یانه‌یه‌كی توركیا كرد و یه‌كسان بوو.

لە یەکەم یاری دۆستانە و ئامادەکاری له‌و كه‌مپه‌ مه‌شقییه‌ی له‌ شاری ئه‌نتالیای توركیا ئه‌نجامی داوه‌، تیپی تۆپی پێی یانه‌ی هه‌ولێر لەگه‌ڵ یانه‌ی ئێگدێری تورکیا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامیشدا به‌ 1-1 گۆڵ یه‌كسانبوون.

گۆڵه‌كه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر سه‌فین مه‌نسووڕ تۆماری كرد.

هه‌روه‌ها له‌ یارییه‌كه‌دا یاریزانی نوێی یانه‌ی هه‌ولێر “زەید جمال ئەبو عابد”ـی پیشەگەری ئوردنی به‌شداریی كرد.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی 964+ ئه‌و یانه‌یه‌ی هه‌ولێر یاری له‌گه‌ڵ كردووه‌، یانه‌یه‌كی پله‌ چواری توركیایه‌.

ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ 964+ی وت: “یانەکەمان له‌ كه‌مپه‌ مه‌شقییه‌كه‌یدا له‌ ئه‌نتالیا رۆژانە لە دوو کاتی جیاوازی به‌یانیان و ئێواران مەشق و راهێنان ئەنجام دەدات”.

وتیشی “به‌رنامه‌مان وایه‌ چه‌ند یارییه‌كی دیكه‌ی ئاماده‌كاری ئه‌نجام بده‌ین”.

یانه‌ی هه‌ولێر رۆژی 7ـی ئه‌م مانگه‌ به‌ره‌و توركیا به‌ڕێكه‌وت بۆ ئه‌نجامدانی كه‌مپی مه‌شق و یاری دۆستانه‌، بڕیاره‌ كه‌مپه‌كه‌ش 10 تا 12 رۆژ بخایه‌نێت.