+964 دوا زانیاری لەبارەی ناردنی 400 ملیارەکە ئاشکرا دەکات

+964

فەرمان سادق

حکومەتی عێراق رەزامەندی داوە 400 ملیارەکە وەک پێشینە بۆ هەرێم بنێرێت تا ئەو کاتەی لەسەر بودجەی 2023 دەگەنە رێککەوتن.

ئەگەرچی 20 رۆژ زیاترە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکەی دا، بەڵام تا ئێستا ئەو پارەیە نەگەیشتووەتە کوردستان.

دوێنێ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردو، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.

جوتيار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی کانونی دووەم، لە بارەی چارەنووسی 400 ملیارەکە رایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دووبارە بابەتی ناردنی 400 ملیارەكە وەكوو شایستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكرایەوە.

زیاتر وتی “لەم بڕوایەدام گرفت و بەربەستێكی گەورە لەبەردەم ئەم بابەتە نەمابێت و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو بڕە پارەیە بۆ حكومەتی هەرێم بنێردرێت”.

وەک لە میدیاکانەوە باسدەکرا، پێشتر تەیف سامی، وەزیری دارایی و ئابووری عێراق هۆکاری نەناردنی 400 ملیارەکەی بەستبووەوە بەو سکاڵایەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە لە دادگای فیدڕاڵ، هەروەها داوای لە سەرۆک وەزیران کردبوو کە نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتەکەی بنێرێت تا پارەکە رەوانە بکات.

دکتۆر نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و پسپۆڕی بودجە بە +964ـی راگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە تەلەفۆن قسەم کردووە لەبارەی 400 ملیارەکە.

زیاتر وتی “لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردراوە تا پەسندکردنی بودجەی 2023ـی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، حکومەتی عێراق لە رێگەی بانکی بازرگانی عێراق ئەو 400 ملیارە بۆ هەرێم بنێرێت”.

بانکی بازرگانی عێراق (TBI) لقی لە هەولێر و سلێمانی هەیە.

بەپێی رێکەوتنی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرسی دانانی بودجەدا، بۆ یەکەمجارە شاندی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت لە نووسینەوەی بودجە.

جوتیار عادل، ویتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێ: یەکەمجارە هەرێم بەشداری نووسینەوەی ئەم بودجە دەکات، ئەمەش كارێكی ناوازەیە.

زیاتر وتی “دوای ئەوەی هەردوو شاندەكە لە لایەنی تەكینیكییەوە كاریان تەواو دەبێت و دەچێتەوە ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری عێراق، دوای پەسەندكردنی دەچێتە ئەنجومەنی وەزیراتی عێراق، دوای ئەوەش دەچێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق”.

لەبارەی ئەوەی وەزیری دارایی حکومەتی عێراق کاتێکی دەستنیشان نەکرد کە کەی 400 ملیارەکە دەگاتە کوردستان، نەرمین عوسمان ئاماژەی بەوەدا کە وەزیری دارایی عێراق هیچ کاتێکی دەستنیشان نەکرد کە کەی پارەکە دەگاتە کوردستان، هێندە نەبێت کە ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەکەی داوە کە بانکی بازرگانی پارەکە رەوانەی هەرێم بکات.