داد و بێدادیان بردە بەغدا
خانەنشینانی هەرێم چاوەڕێ دەکەن وەک بەغدایان لێبێت
میدیازان- هەژار ئەنوەر- هەولێر
دوای سێ سکاڵا لە هەولێرو سلێمانی، دەرچوونی بڕیاری دادگا لە بەرژەوەندی خانەنشینان، یەکێتی خانەنشینان بۆ جێبەجێکردنی داواکەیان، لە حکومەتی هەرێم بێهیوا دەبن و لە دەرگای دادگای باڵای فیدڕاڵ دەدەن.
سکاڵاکارەکان داوا دەکەن مووچەو شایستە داراییەکانی خانەنشینانی بەغداو هەرێم وەک یەکی لێبکرێت.
بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخشی خانەنشینانی هەرێم بە میدیازانی راگەیاند، لەسەر سكاڵای ژمارەیەك لەخانەنشینانی هەرێم لەبەغدا سکاڵامان کردووەو وتی “بەهۆی ئامادە نەبوونی نوێنەرانی حكومەتی هەرێم، دادبینییەكە هەشتی تشرینی دووەمی داهاتوو دواخار”.
تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن یەکێتی خانەنشیان لە بەغدا، دوای بێهیوا بوونە لەهەوڵەکانیان لە کوردستان.
عەبدوڵلا فارس، سەرۆکی یەکێتی خانەنشینان بە میدیازانی راگەیاند کە پێش ٢٠١٥ لە سلێمانی سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام بێ ئەنجام بوو.
زیاتر وتی “لە ٢٠١٥ ئەمجارە لە هەولێر سکاڵامان تۆمار کرد، چوار دانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو، سەرئەنجام داوایەکەمان بردەوە، بەڵام حکومەت داوای تەمیزی کرد”.
سەرۆکی یەکێتی خانەنشینان وەک خۆی دەڵێ، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا، سیانزە جار سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە دواجار ‘سەرۆکی پێشووی حکومەت لەسەر بڕیارەکەی دادگا بۆ پەرلەمانی نووسی کە ئیشی لەسەر بکەن بۆ هاوتا کردنی لەگەڵ یاسای ژمارە ٩ـی عێراقی، بەڵام با جارێ جێبەجێ نەکرێت بەهۆی قەیرانی دارایی، کە قەیرانەکە نەما، با بخرێتە بواری جێبەجێکردن’.
“بەڵام ئێستا کە قەیرانیش نەماوە، جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش هۆکار بوو پەنا بەرینەبەر دادگای باڵای فیدڕاڵ، بەسوپاسەوە کاک بەشدار حەسەن، بووەتە پارێزەری خۆبەخشمان”.
لە هەرێمی كوردستان 240 هەزار خانەنشینی مەدەنی و سەربازی هەیە، لەم ژمارەیەدا نزیەکەی ١٠٠ هەزاری خانەنشینی مەدەنی دەبێت.