دیمەنی هەڵمەتەکانی بایکۆتکردنی خواردنە ئامادەکراوەکانی ماکدۆناڵد _ وێنە: Artur Widak
هەڵمەت بۆ هاوکاری غەزە بەڕێوەدەبەن
بایکۆت نزیکەی حەوت ملیار دۆلار زیانی بە ماکدۆناڵد گەیاندووە
964+
ئەحمەد مستەفا
ماکدۆناڵد نزیکەی حەوت ملیار دۆلاری لەدەستدا، دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسی دارایی کۆمپانیاکە کاریگەرییە بەردەوامەکانی بایکۆتی لە ناوچەی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی لەسەر فرۆشتنی بەرهەمەکانیان راگەیاند.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی شایەتحاڵی هەڵمەتێکی بایکۆت بوون دژی ئەو کۆمپانیایانەی کە وەک پشتیوانی ئیسرائیل لە شەڕی دژی غەززە سەیر دەکرێن، لەنێویاندا ماکدۆناڵد.
لە ساڵی 1954، پیاوێک بە ناوی رەی کرۆک چێشتخانەیەکی بچووکی بەرگری لە کالیفۆرنیا دۆزییەوە، و لەوێوە لاپەڕەی یەکەمی مێژووی ماکدۆناڵد دەستیپێکرد، بۆ زیاتر لە 36 هەزار چێشتخانە لە 100 وڵاتدا، فنگر، بەرگر و دەیان خواردنی ئامادەکراوی دیکە پێشکەشی سەردانیکاران دەکەن.
لە ماوەی مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەدا، پشکەکانی ماکدۆناڵد بە رێژەی زیاتر لە 3% دابەزینیان بەخۆوە بینی و بەرەو تۆمارکردنی گەورەترین زیانی رۆژانە لە ماوەی 5 هەفتەدا چوون.
لە کاتی نووسینی ئەم هەواڵەدا پشکی کۆمپانیاکە بە رێژەی 3.37% یان 9.93 دۆلار دابەزیوە، کە لە ئەنجامدا 6.87 ملیار دۆلار زیانی بە کۆمپانیاکە گەیاندووە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە یان بۆردن بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیاکە، دانی بەوەدانا کە فرۆشی نێودەوڵەتی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، وردە وردە کەم دەبێتەوە بەهۆی بەردەوامی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
زیانە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو کۆمپانیایە کە لە بەربڵاووترین زنجیرە چێشتخانەکانە لە جیهاندا، بەهۆی بەردەوامی هەڵمەتەکانی بایکۆتە، کڕیارانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی توڕە بوون دوای ئەوەی ماکدۆناڵد لە ئیسرائیل لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا رایگەیاند، کە ژەمە خۆراکی بێبەرامبەر بۆ سەربازانی ئیسرائیل دابین دەکات.
لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ئەم توڕەییە، هەندێک لە لقەکانی ماکدۆناڵد لە ناوچەی عەرەبی هاوکارییەکانیان بۆ یارمەتیدانی غەزە راگەیاندووە.
مانگی رابردوو کریس کەمپچینسکی، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ماکدۆناڵد هۆشداریدا لەوەی “زانیاری هەڵە” لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی دیکە زیان بە قەبارەی فرۆشیان دەگەیەنێت.