لە بەردەڕەش ئەشیعە بووە ئۆنڵاین و پزیشکەکان حەسانەوە
+964
زەید کۆچەر – بەردەرەش
ئامێرێکی نوێی تیشکی X-RAY بۆ بنکەیەکی تەندروستی لە بەردەڕەش دابینکراوە، کێشەی پزیشک و نەخۆشی چارەسەر کردووەو هەرووکیان حەساونەتەوە.
ئامێری تیشکی X-RAY یەکێکە لە کۆنترین جۆرەکانی ئامێری تیشک کە سەرەتای دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1895، دواتر وردە وردە پێشخراوە.
ئەشیعەی X-RAY، کە بە شریتێکی فیلمی کار دەکات لەگەڵ خەڵاس بوونی فیلمەکە دەبێت فیلمەکە بگۆڕدرێت، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیاو پزیشکی، ئەو ئامێرەش پێشخراوەو ئێستا بە کۆمپیوتەر بەستراوەتەوەو پزیشک دەتوانێت راستەوخۆ وێنەکە ببینێت و پێویستی بە فیلم نییە.
نەبوونی فیلم، هەمیشە یەکێک بووە لە کێشەکانی سێکتەری تەندروستی بەهۆی ئەوەی حکومەت ناچار بووە بیکڕێت، بەڵام بە دانانی ئەو ئامێرە نوێیە توانراوە چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت.
ئەو بنکە تەندروستییەی ئامێرە نوێیەکەی بۆ دانراوە دەکەوێتە ناحیەی کەلەکی سەر بە قەزای بەردەڕەش، وەک خۆیان باسی دەکەن بە 44 ملیۆن دینار کڕاوە.
محەمەد سالح ئەحمەد، بەڕێوبەری بنکەی تەندروستی کەلەک تایبەت بە +964ـی وت “ئەم ئەشیعەیە پێشکەوتووە، یەکسەر ئەشیعەکە لە ژووری دکتۆری پسپۆر دیار دەبێت، دکتۆر دەتوانێت لای خۆی دەستکاری بکات، واتە پێشوپاشی بکات، هەروەها ئەگەر پێویست بوو پرێنتی بکات”.
بە قسەی بەڕێوەبەری بنکە تەندروستییەکە بێت، بە دابینکردنی ئەم ئامێرە کێشەکانی دکتۆر و نەخۆشی نەهێشتووە، چونکە “پێشتر بەهۆی نەمانی فیلمەکە نەماندەتوانی ئەشیعە بۆ نەخۆش بگرین،بەڵام ئێستا دەتوانین نەخۆش بەڕێبکەین بێ هیچ کێشەیەک”.
هاوشێوەی ئەو ئامێرە، لە نەخۆشخانە گەورەکانی وەک نەخۆشخانەی رۆژئاوا و رزگاری لە هەولێر هەیە.