منداڵێکی توشبووی ئۆتیزم راهێنانی پێدەکرێت _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
مانگێک بەردەوامدەبێ
زانیاری لەسەر توشبووانی ئۆتیزم لە شارباژێر داتا دەکرێن
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی ئاگاداری ئەو خێزانانەی ناوچەی شارباژێڕ دەکاتەوە کە منداڵی ئۆتیزم- یان هەیە، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە سەردانیان بکەن.
ئەوەش بەمەبەستی کۆکردنەوەی داتاو زانیاریی پێویست لە سەر منداڵان و تووشبوانی ئۆتیزم و خانەوادەکانیان لە سنوری قەزای شارباژێڕ و دەوروبەری و سوودوەرگرتن لەو زانیارییانە بۆ دانانی بەرنامەو پلان و دەرکردنی بڕیار و رێنمایی نوێ.
بە قسەی بێستوون جەبار، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی سلێمانی بێت بۆ 964، بەشی پلان و بەدواداچوون لە بەرێوەبەرایەتی گشتییان ئاگاداری ئەو خێزانانە دەکاتەوە کە تووشبوی خودتەنیایی ئۆتیزم- یان هەیە لە بەرواری 12.3.2024 – ەوە بۆ ماوەی مانگێک سەردانی لیژنەکانیان بکەن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، نزیکەی چوار هەزار کەیسی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە بێت، بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی زانیاریی بۆ منداڵەکانیان، دەبێت خێزانەکانی ئەو سنورە سەردانی دایەنگەی چوارتا بکەن، لەناو سەنتەری قەزاکە.
ئەم بەڵگەنامانەیان پێ بێت:
1ـ وێنەیەک لە ناسنامەی باری شارستانی تووشبوو بە ئۆتیزم.
2ـ وێنەیەک لە کارتی زانیاری خێزان.
3ـ وێنەیەک لە لیژنەی پزیشکی یان راپۆرتی پزیشکی کە پیشانی بدات منداڵەکە ئۆتیزمی هەیە.
4ـ یەک وێنەی کەسی تووشبوو بە ئۆتیزم.
5ـ کاتەکانی تۆمارکردن: لە رۆژانی یەکشەممە بۆ چوارشەممە، سەعات (8.30 بۆ 1.00).
ناونیشان:
قەزای چوارتا، بینای دایەنگەی چوارتا، ژمارە تەلەفۆن ( 07702210218)