موچەی مانگی دوو موچەخۆرانی هەرێم گەیشت – وێنە؛ ئەرشیفی 964
ئەندامێکی لیژنەی دارایی وا دەڵێت
پرۆسەی ناردنی موچە تا دوو رۆژی تر دەخایەنێت
964+
فەهمی نەبی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پرۆسەی ناردنی موچەی ئەم مانگە بەپێی وردبینیە بۆ لیستی موچە، وردبینی لە لیستی هەر وەزارەتێک تەواو بێت پارەکەی دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، ئەم پرۆسەیەش تا دوو رۆژی تر بەردەوام دەبێت.
بەر لە نیوەڕۆ ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بڕی 130 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی موچەی هەریەکە لە خانەنشینی مەدەنی و سەربازی و چاودێری کۆمەڵایەتی.
سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ 964 وتی: ناردنی موچەی ئەم مانگە بەپێی تەواوبوونی وردبینی ئەو لیستە دەبێت کە حکومەت ناردوەیەتی، وردبینی لە لیستی خانەنشینی سەربازی و مەدەنی تەواو کراوە و 119 ملیار دینارە، لیستی چاودێری کۆمەڵایەتی 10 ملیارە ئەو بڕە نێردراوە.
“وردبینی هەر لیستێک تەواو بێت وەزارەتی دارایی عێراق پارەی ئەو لیستە دەخاتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێم، وا پێدەچێت ئەو پرۆسەیە تا دوو رۆژی تر بخایەنێت” سۆران عومەر وای وت.
ئەمڕۆ دووشەممە وا بڵاوکرایەوە وەزارەتی دارایی عێراق بە دادگای فیدڕاڵی راگەیاندووە، ئەوان بۆ موچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم ناتوانن پارە بنێرن تا پرۆسەی “توطين”ی موچەی فەرمانبەران ئەنجام نەدرێت، سۆران عومەر دەڵێت: بەڵێ راستە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئەوەی بۆ دادگای فیدڕاڵی ناردوو.
“پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێم زوو بێت بەدەم ئەو پرۆسەیە چونکە ئەمە کاری رۆژێک و دووان نییە” سۆران عومەری ئەمەشی وت.