بۆ رێگری لە بەفیڕۆدان چی کراوە؟
دەستپاکی عێراق بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لەمەوبەدوا خەڵک بەشداری پێدەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق، دادوەر حەیدەر حەنون، دەستپێکردنی پێشبڕکێیەکی توێژینەوەی بەناونیشانی “بەشداری لە شەڕی گەندەڵی” راگەیاند و خەڵک لەو پێشبڕکێیە بەشداری پێ دەکەن.
هەروەک دەستەکە لە ئاماری خۆیدا بۆ ساڵی 2023 ئەوەی ئاشکراکردووە، زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلار و نزیکەی یەک ملیار دیناری عێراقییان بە کاش وەرگرتەوە و رێگرییان لە بەفیڕۆدانى کردووە.
حەنون لە وتارێکدا لە میانی راگەیاندنی راپۆرتی ساڵی 2023ی دەستەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 10.3.2024 وتی، لەگەڵ ئەوەی راپۆرتی ساڵانەی خۆمان لە بواری لێکۆڵینەوە، لێپرسینەوە و قازانجی نایاسایی رادەگەیەنین، دەستەکە بەپێویستی زانیوە، هاوڵاتی بەشداربکات لە پلانێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەڕێگەی دەستپێکردنی پێشبڕکێیەکی توێژینەوە بەناونیشانی “بەشداری لەشەڕی گەندەڵی”.
بە قسەی دادوەر حەنون بێت، یەکەم تەوەری توێژینەوەکە لەسەر پڕۆژەی نیشتیمانی تێکەڵکراوە لەگەڵ ئەرکی یاسایی، و دیاریکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و رۆڵی هاوڵاتی و هەموو لایەنەکانی دیکە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی گەندەڵی.
حەنون باسی لەوەکردووە، زۆر هۆکار هەن کە رێگرن لە پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەتەواوی، دیارترینیان شکستهێنانە لە پەسەندکردنی پڕۆژەیەکی واقیعی و یەکگرتوو کە توانای دەستنیشانکردنی شەری گەندەڵی و گەندەڵکارانی هەبێت و گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی کە لەلایەن گەندەڵکارانەوە دزاوە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئەوەشی وت، لەگەڵ هەرێمى کوردستان رێککەوتنێکیان واژۆکردووە بۆ رێگریى لە بەفیڕۆدانى سامانى گشتى و داواش لەدەستەى دەستپاکى هەرێم دەکات هاوکارییان بن لە ئاشکراکردنى دارایى بەرپرسان، کە هەروەک رەشنووسی رێککەوتنێکمان بۆ هەماهەنگیکردنی کاری هاوبەش، لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان کردووە و هەروەها دەستپاکی وەک دەزگایەکی فیدراڵی، سەرپەرشتی سەرجەم کارى پارێزگارەکان دەکات.