جبس و سێوە دەستبەسەرداگیراوەکە - وێنە: تەندروستیی راپەڕین
لە مەرزی کێلێ
هەزار و 200 تۆن جبس و 58 تۆن سێو گەڕێندرانەوە ئێران
964+
پێشەوا محەمەد
لە مەرزی کێلێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین هەزار و 200 تۆن جبسی چی تووز و نزیکەی 58 تۆن سێوی خراپبوو گەڕێندرانەوە ئێران و وتەبێژی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت، رۆژانە باری خۆراکی جۆراوجۆر بەهۆی نەشیاویانەوە دەگەڕێندرێتەوە ئەو وڵاتە.
ئەو بارە جبسە بەهۆی ئەوەی لە پشکنینی فیزیایی دەرنەچووە و نەبوون و خراپیی بەروار لەسەر بەرهەمەکە رێگەی هاتنەناوەوەی پێنەدراوە، سێوەکەش بەهۆی بوونی کەڕوو و رزیوییەکی زۆر گەڕێندراوەتەوە.
تەها محەمەد، وتەبێژی تەندروستیی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، یەکەی پشکنینی خۆراکی مەرزی کێلێ سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی راپەڕینە و هەر خۆراکێک کە دێتە مەرزەکە ئەو یەکەیە رەزامەندیی لەسەر نەدات ناهێندرێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە.
وتیشی، “رۆژانە هەشت بۆ نۆ کارمەند لەو یەکەیەدا دەوام دەکەن و پشکنینی فیزیایی و کیمیایی بۆ هەموو ئەو خۆراک و مادانە دەکەن دەهێندرێنە مەرزەکە”.
مەرزی کێلێ دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی قەزای پشدەرەوە لە ئیدارەی راپەڕین، لە ساڵی 1992ـەوە بەشێوەیەکی نافەرمی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لێوە دەکرێت.
“ئەو جبس و سێوە رەوانەی ئێران کرانەوە و زۆرینەی ئەو خواردنانەی شیاو نین رەوانەی ئێران دەکرێنەوە نەک لەناوبردن، چونکە ئەوان دەچنەوە شوێنی خۆیان و قەرەبوو دەکرێنەوە”، تەها محەمەد وای وت.