"زیانەکان بە ملیۆنان دۆلارە"

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر: %80ی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

بەیانی ئەمڕۆ ئاگرێک لە کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی لە ناوچەی پیشەسازی هەولێر کەوتەوەو خاوەنی کۆگاکە دەڵێت، زیانەکانی سووتانی کۆگاکەمان بە ملیۆنان دۆلارە و بەرگری شارستانیش دەڵێت، نزیکە لە کۆنتڕۆڵکردن.

ئاکار سابر یەکێک لە خاوەنانی ئەو کۆگایەی ئاگری گرتوە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئاگرەکە لە دەڕابێکی کارەبایی بەشی پشتەوەی کۆگاکە دروستبووە و زیانەکان بە ملیۆنان دۆلار مەزەندە دەکرێن.

ئەو کۆگایەی ئاگری گرتوە، کەرەستەی بیناسازی وەک ئایزۆگامی و قیر و سپرا و چەندین بابەتی دیکە کە یارمەتی سووتان دەدەن.

بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت، کاتژمێر 6:58 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ پەیوەندی بە ژووری کۆنتڕۆڵی ئاگر کوژێنەوەی هەولێر کراوە لە هەبوونی ئاگرێک، زیاتر لە 11 تیم گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.

کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی دەڵێت، %80ی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام ئاگرەکە لە جۆری لوتکەیە بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە.