چییان بۆ کراوە؟

لە هەرێم و بەغدا ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکان دەکرێت

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان دەکات، هەروەها سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانیش دەڵێت، ئەو کۆمپانیایانەی هەرێم کە لە بەغدا تۆمارکراون و قەرزدارن لێخۆشبوونیان بۆ کراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە رێگەی نووسراوێکەوە بڵاویکردووەتەوە، سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی سەرمایەیان پێنج ملیۆن دینار و کەمترە پێویست بە دروستکردنی میزانییەی ساڵانە و پشتگیریی ژمێریار ناکات، بەڵکو تەنیا راپۆرتێک ئامادە بکرێت بە واژۆی بەڕێوەبەر و ژمێریاری کۆمپانیا.

بڕیاری ئەوەش دراوە، بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و بەردەوامبوونی پێویست بە پشتگیریی ژمێریار ناکات لە دۆسییەکەیدا هەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمن و لە بەغدا خۆیان تۆمارکردووە بەڵام قەرزدارن، ئێستا لێخۆشبوونیان بۆ کراوە.

نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم تۆمارکراون و خۆشیان لە بەغدا تۆمارکردووە، هەر قەرزێکیان لابووبێت لە بەغدا لێخۆشبوونیان بۆ کراوە و پێویستە کۆمپانیاکان تە 26.4.2024 بچن مامەڵەی لیخۆشبوونەکەیان بکەن.

وتیشی، “بڕیاری لێخۆشبوون لەو کۆمپانیایانە لە بەغدا دوای سەردانی وەزیری بازرگانیی بەغدا بوو بۆ سلێمانی و ئێمەش داوامان کرد لە قەرزی کۆمپانیاکان خۆش ببن لەگەڵ چەند داواکارییەکی دیکە کە وردە وردە جێبەجێ دەکرێن”.