باڵەخانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق _ وێنە: راگەیاندنی دادگا
جیاوازی لە دابەشکردن
دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر نەوتی سپی کۆدەبێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
بە قسەی پەرلەمانتار نەهرۆ قادر بێت، هەفتەی داهاتوو دادگاى فیدڕاڵى عێراق لەسەر سکاڵاى جیاوازیکردن لە دابینکردنى خزمەتگوزاییە گشتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
جیاوازی کردن لە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی سپی کرۆکی سکاڵاکەیە، دادگا تائێستا رۆژی دانیشتنەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام پێشبینی وایە ناوەڕاستی هەفتە ئەنجامی بدات.
نەهرۆ قادر، ئەندامى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی 8.3.2024، بە 964ی وت، سکاڵاکە لەسەر هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانى عێراق و وەزیرى نەوتى عێراق و ئەمیندارى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق تۆمارکراوە، لە سکاڵاکەدا تانەم لە بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیران داوە کە جیاوازیکراوە لە تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى سپى لە پارێزگاکانى عێراق بەراوورد بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان.
لە هەرێمی کوردستان نەوتی حکومەتی عێراق کە 200 لیتر بوو بە 54 هەزار دینار دابەشکرا، لە کاتێکدا لە شارەکانی عێراق هەمان بڕ بە 30 هەزار دینار دابەشکرابوو، بە قسەی نەهرۆ قادر بێت، لە سکاڵاکەدا داواکراوە کە یەکسانى لە دابینکردنى خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتییان هەبێت، دەستوورى عیراق بکرێتە پێوەر بۆ دابینکردنى ژیانێکى شایستە بۆ هاوڵاتییان.
دادگاى فیدڕاڵى لە رۆژى 21.2.2024 دوو بڕیارى لەبارەى هەرێمى کوردستاندا و بریارەکان تایبەت بوون بە راگرتنى کارکردن بەهەموارى یاساى هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستان و پابەندکردنى حکومەتى عێراق بە دابینکردنى موچەى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.