"کەمترین دەرمان بەکاردەهێنین"

دارستان و پاوانی هەڵەبجە دەستی بە ئاگربڕ کردووە

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی هەڵەبجە دەستیکردووە بە ئاگربڕ بۆ دارستانە دەستکردەکانی، بەشێکی بە دەرمان دەکات و بەشێکیشی بە شۆفڵ و بلدۆزەر.

بەڕێوەبەرایەتییەکە خاوەنی هەزار و 900 دۆنم دارستانی دەستکردە و نزیکەی هەفتەیەکە دەستیان بە ئاگربڕ کردووە و نازانن کەی تەواو دەبن.

مەحمود محەمەد، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، هەتا بۆیان بکرێت دەرمان بۆ لەناوبردنی گژوگیا بەکارناهێنن، بەڵام ئەو شوێنانەی شۆفڵ و بلدۆزەر نەتوانن بچن ناچارن بە دەرمان گژوگیاکە لەناوببەن.

وتیشی، “لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا ئەو ئاگربڕەی دەیکەین سوودی زۆری هەیە، چونکە ئاگرەکە لەنێوان ئاگربڕەکاندا ناپەڕێتەوە مەگەر لە حاڵەتی رەشەبایەکی زۆر”.

سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە ساڵی رابردوو کەمترین ئاگرکەوتنەوەی هەبووە و کەمترین زیان بەر دارەکانیان گەیشتووە.

“ئومێد دەکەین ئەمساڵیش وەک ساڵی رابردوو کەوتنەوەی ئاگر کەمبێت و سروشت و دارەکان بە سەلامەتی بمێننەوە”، مەحمود محەمەد وای وت.

لە هەڵەبجە ناوچەیەکی گەشتیاری بە پاشماوە پیس دەکرێت

لە هەڵەبجە ناوچەیەکی گەشتیاری بە پاشماوە پیس دەکرێت