کێن ئەوانەی وایان کردووە؟

لە هەڵەبجە ناوچەیەکی گەشتیاری بە پاشماوە پیس دەکرێت

پێشەوا محەمەد

کەسێک دەچێتە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە و دەڵێت فریای دارستانی گوڵانی خواروو بکەون، کاتێک لیژنەیەکی ئەوانیش دەچێت دەبینێت خۆڵ و پاشماوەیەکی زۆری بیناسازی لێ فڕێدراوە.

لیژنەی سەرپێچی لە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە سەردانی شوێنەکەی کردووە، بینیویەتی لەناو دارستانەکە، لەناو زەویی کشتوکاڵی و قەراغ شەقامەکەش ئەو پاشماوەیەی لێ فڕێدراوە.

سوبحان حوسێن، سەرۆکی لیژنەی سەرپێچی لە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، ئەو دارستانە کە شوێنی گەشتیاریشە بە تەواوی پیس کراوە و داوایان لە شارەوانی کردووە دەستبەجێ پاک بکرێتەوە.

وتیشی، “هەرکەسێک بینا و خانووی کردووە چووە پاشماوەکەی لەو شوێنە فڕێداوە، پێویستە شارەوانی شوێنێک بۆ فڕێدانی پاشماوەی بیناسازی دابین بکات و لەمەودوا ئەو شوێنە بە پاک و خاوێنی رابگیرێت”.

لای فەرمانگەکە ئەوە سەرپێچیی ژینگەییە و دەبێت ئەو کەسانەی ئەو پاشماوەیان لەوێ فڕێداوە سزا بدرێن و پێشیان پاک بکرێتەوە، ئەگەر بزاندرێت کێ بوون.

“پێشنیارمان کردووە چەند تابلۆیەکی ئاگادار کردنەوە دابندرێن و لیژنەیەکیش هەبێت زوو زوو سەردانی ئەو شوێنە بکات تا چیتر ئەو پاشماوانە لەوێ فڕێنەدرێن”، سوبحان حوسێن وای وت.