کۆڵبەرەکان بە برینداری لە نەخۆشخانە - وێنە: رێکخراوی هەنگاو
خەڵکی پاوە و مەریوانن
دوو کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون
964+
پێشەوا محەمەد
لە سنووری ناحیەی نەوسوود بەهۆی تەقینەوەی مینەوە دوو کۆڵبەر بریندار بوون، رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، دوێنێ چوارشەممەش دوو کۆڵبەری دیکە بریندار کراون.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، مینەکە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.3.2024 بەو کۆڵبەرانەدا تەقیوەتەوە و برینداری کردوون.
کۆڵبەرەکان خەڵکی شارەکانی مەریوان و پاوە بوون و بۆ نەخۆشخانەکانی سنوورەکانیان گواستراونەتەوە.
وەک لە راگەیەندراوەکەی رێکخراوەکەدا هاتووە، دوێنێ چوارشەممەش دوو کۆڵبەر بریندار کراون، یەکێکیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و ئەوی دیکەشیان بە لێدان و پێکێشان بریندار بووە.
پێشتر ئەرسەلان یارئەحمەدی، سەرۆکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بە 964ـی وتبوو، “لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەر رۆژێک کۆڵبەرێک بە گوللـە بریندار کراوە، یەکێکیان نەبێت لە سنووری پارێزگای کرمانشا بووە، ئەوانی دیکە هەموویان لە سنووری پارێزگای سنە بوون”.