کۆبوونەوەی وەزارەتی ژینگەی عێراق و دەستەی ژینگەی هەرێم. فۆتۆ: دەستەی ژینگەی هەرێم
داوای دانانی خاڵی چاودێری کردووە
وەزارەتێکی عێراق دەیەوێت لە ئاوی هەرێمی کوردستان بکۆڵێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
شاندێکی وەزارەتی ژینگەی عێراق بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە بڕ و جۆری ئاو، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و ژمارەیەک پێشنیاریان بۆ دەستەی ژینگە کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6.3.2024، ئەحمەد محەمەد، بڕیاردەری ئەنجومەنی باڵای ژینگەی هەرێمی کوردستان بە 964ی راگەیاند، ئەگەر رەزامەندی بدرێت، وەزارەتی ژینگەی عێراق خاڵی چاودێری لەسەر رێڕەوی رووبارە سنوربڕەکان دادەنێت بەمەبەستی وەرگرتنی نمونە بۆ زانینی بڕو جۆری ئاو لە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی ژینگە، “بابهتی ئاو لهههرێمی كوردستاندا بهپێی یاسای بهڕێوهبردن و پاراستنی ئاو ژماره چواری ساڵی 2022، لای ئهنجومهنی ئاو له ههرێمە كه دهستهی ژینگهش تێیدا ئهندامهو دهتوانرێت له داهاتوودا به ههماههنگیی نێوان ههمووان پێشنیازهكه باشتر تاوتوێ بكرێت”.
دیارترین ئەو رووبارانەی کە بە خاکی وڵاتانی ئێران و تورکیا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، بریتین لە زێی بچوك و رووباری دیجلە.
بەگوێرەی یاسای بەكارهینانی رێڕەوە ئاوییەكان لە بڕگە و بەندەكانی پەیماننامەی نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەساڵی 1945 و یاسای نێودەوڵەتی كە لەكۆمەڵەی گشتی دەرچووە ساڵی 1973، تایبەت بەو وڵاتانەی كە دەكەونە سەر رێڕەوی ئاوەكەدا هاتووە: پێویستە رێز لەسەروەری هەرێمایەتی بگیردرێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نێوان وڵاتان و نیازپاكی و دادپەروەری، هیچ بەرنامەو پلانێك لە بەكارهێنانی ئەو ئاوەو رێڕەوەكەی نەبێتە هۆی پێشێلكردنی سەروەریو مافی دەوڵەتانی دراوسێ كە هەمان ئاو بە سنوور و خاكی وڵاتەكەیدا تێدەپەڕێت.