نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە - وێنە: میدیاکان
دوو رۆژ مانەوە
تیمە پزیشکییەکەی ئێران 300 بەرکەوتووی چەکی کیمیاییان بینی
پێشەوا محەمەد
تیمە پزیشکییەکەی ئێران کە سەردانی شاری هەڵەبجەیان کردبوو، لە ماوەی دوو رۆژدا 300 بەرکەوتووی چەکی کیمیاییان بینیوە و پشکنینیان بۆ کردوون.
تیمەکە رۆژی 29.2.2024 گەیشتبوون و رۆژانی یەک و دووی ئەم مانگە دەستیان بە چارەسەرییەکانیان کردبوو.
بەوتەی د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە کە قسەی بۆ 964 کردووە، تیمەکە لە پزیشکانی سنگ و چاو پێکهاتبوون و بۆ ماوەی دوو رۆژ بریندارەکانی بەرکەوتووی چەکی کیمیاییان بینیوە.
وتیشی، “ئەو نەخۆشانە پێویست بوو بچنە ئێران بۆ بینینی پزیشک، بەڵام کارێک کرا پزیشکەکان هاتن و لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دانیشتبوون”.
نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس وەک بەرکەوتووی چەکی کیمیایی تۆمار کراون.
“ئەو تیمەی هاتبوون دەرمان و پێویستیی تەواویان پێبوو و چارەسەری پێویستیش بۆ ئەو نەخۆشانە کرا، کە کیمیایی کێشەیان بۆ چاو و سنگی ئەو نەخۆشانە دروست کردبوو”، ئازاد مستەفا وای وت.
ئەوە یەکەمجار نییە تیمی پزیشکی لە ئێرانەوە بێتە هەرێم بۆ بینین و چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، بەڵکو پیشتریش زیاد لە دوو تیمی پزیشکی هاتوونەتە سلێمانی و هەڵەبجە و ئەو بەرکەوتووانەیان بینیوە.