کێ بڕیارەکەی دەرکردووە؟

مەلایەک لە کۆیە لە مزگەوت دەرکرا

964+

توانا نەقی

مامۆستایەکی ئاینی لە کۆیە لە وتاردان و پێشنوێژ و تەنانەت چوونە مزگەوتەکەیشی دوورخرایەوە، خۆیشی دەڵێت بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئەو کارەم بەرامبەر کراوە.

964 پەیوەندی بە مامۆستا ئاینییەکەوە کردوو لەزاری خۆیەوە باسی دوورخستنەوەکەی دەکات.

مامۆستا هێمن بۆگدی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی مەدینە لە کۆیە بۆ 964 وتی، ئەم بەیانییە بانگیان کردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و نوسراوێکی فەرمییان پێداوە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە دەرکراوە و بڕیاری دورخستنەوەی تیادا بووە.

وتیشی، لە نوسراوەکەدا ئەوە هاتووە کە مەلا هێمن بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و هاندانی ئاژاوە و پشێوی مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی دوورخراوەتەوە و دەرکراوە.

“بەڵی من بەشداری سەرجەم خۆپیشاندانەکانم کردووە، هەرلە 2011ـەوە تا ئێستا دەشیکەم بۆ داواکردنی قوتی خەڵک و موچەی موچەخۆران، بەڵام هەرگیز پشێوی و مەترسیم لەسەر هیچ حیزب و کەسایەتییەک و ناوزڕاندن و قسەی نەشیاوم بەرامبەر بە کەس بەکارنەهێناوە”، مامۆستا ئایینیەکە وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و پەیمانگای وتاردانە و بە حەقی خۆی ماوەی 10 ساڵە لەو شوێنەیە و دەبوو وەزارەتی ئەوقاف ئەو کارەی بکردایە کە تەنیا ماوەیەک رایانبگرتایە لە وتاردان نەک ئەنجومەنی ئاسایش بە یەکجاری دووریخاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی کۆیە دەلێت، ئێمە پەیوەندیمان بەو بڕیارەوە نییە.

عەبدوڵا مەلا ئەنوەر بەڕێوەبەری ئەقافی کۆیە بۆ 964 وتی، هیچ قسەیەکی ئەوتۆمان لەسەر ئەو بابەتە نییە تەنیا بڕیارێک دەرکراوە و جێبەجێمان کردووە.

وتیشی، ئەو مەلایە پابەند نەبووە بە ئەو وتارانەی کەبۆیان دیاریکراوە و لە رێنماییەکان لایداوە هەفتانە، ئەوە هۆکاری سەرەکی بووە بۆ دورخستنەوەی و بڕیارەکە تەواو جێبەجێ کراوە.

لە هەولێر خاوەن مزگەوتێک مەلاى مزگەوتەکەى دەرکردووە؟

لە هەولێر خاوەن مزگەوتێک مەلاى مزگەوتەکەى دەرکردووە؟