قەبارەی هەناردە زیاد دەبێت

سەردانەکەى ئەردۆغان مەترسى لەسەر دەروازەى ئیبراهیم خەلیل دروست دەکات؟

964+

وریا فەتاح

بە قسەى وەزیرى بازرگانیى تورکیا بێت، سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ بەغداد قەبارەى هەناردەى وڵاتەکەى بۆ عێراق تا 20 ملیار دۆلار بەرز دەکاتەوە و بە کردنەوەى دەروازەیەکى نوێش مەترسى لەسەر دەروازەى نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل دروست دەبێت.

عومەر بۆلات، وەزیرى بازرگانیى تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسى ئەنادۆڵ رایگەیاند، سەردانەکەى رۆژى دووشەممەی ئەردۆغان، یەکەم سەردانى سەرۆک کۆمارە بۆ دەرەوە، دواى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى تورکیا، کە تێیدا جگە لەو رێککەوتنە بازرگانیانەی کە بڕیارە لەم سەردانەدا واژۆ بکرێن، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگەى گەشەپێدانیش گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.

“سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، قەبارەی هەناردەکردنی تورکیا بۆ عێراق زیاد دەکات، بە شێوەیەک لە ماوەیەکى نزیکدا دەیگەیەنێت بە 15 ملیار دۆلار و بۆ ساڵى 2030 تا 20 ملیار دۆلار بەرزى دەکاتەوە”، بۆلات واى وت.

پێشبینیی دەکرێت سەردانەکەی ئەردۆغان کە دوای 13 ساڵ بەسەر سەردانەکەی پێشووی بۆ عێراق دێت، پاڵنەرێکی گرنگ بێت بۆ پێکهێنانی پەیوەندییە سیاسى و ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بەوتەى عومەر بۆلات، عێراق هەمیشە یەکێک بووە لە گرنگترین وڵاتان بۆ تورکیا لە رووی بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە، بە شیوەیەک پشکى عێراق لە هەناردەى تورکیا لە ماوەى 10 ساڵى رابردوودا زیاتر بووە لە 5%ـى کۆى هەناردەى تورکیا.

هەناردەی تورکیا بۆ عێراق زۆربەی کەرتەکانی لەخۆى گرتووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2022دا گەیشتە 24.2 ملیار دۆلار، لە ساڵی رابردووشدا 19.9 ملیار دۆلار بوو.

بە قسەى وەزیرى بازرگانیى تورکیا، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا، هەناردەى وڵاتەکەى بۆ عێراق بە رێژەی 24.5% زیادی کردووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە شێوەیەک لەو ماوەیەدا هەناردە گەیشتووەتە 3.4 ملیار دۆلار.

تورکیا بۆ بەرزکردنەوەى قەبارەى هەناردەى شمەک و کاڵاکانى بۆ عێراق، چاوى لە تەواوبوونى پڕۆژەى رێگاى گەشەپێدانە، هەر بۆیە عومەر بۆلات دەڵێت، پێشبینی دەکرێت قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ماوەیەکی نزیکدا بگاتە 15 ملیار دۆلار، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانیش لە ساڵی 2030دا بگات بە 20 ملیار دۆلار.

ئاشکراشى دەکات، ئەنجومەنی پەیوەندییە ئابوورییە دەرەکییەکانی تورکیا و فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەکان لە عێراق سێ رێککەوتن لە بواری بازرگانیدا واژۆ دەکەن، کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیشیان تێدایە.

سەردانەکە مەترسى لەسەر دەروازەى ئیبراهیم خەلیل دروست دەکات؟

لەو چاوپێکەوتنەیدا، وەزیرى بازرگانى تورکیا وتویەتى،”دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە تەنیا توانای ئەوەی نەماوە مەرجەکانی زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دابین بکات، بۆیە دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوامە بۆ کردنەوەی دەروازەیەکى نوێ لە نێوان هەردوو وڵاتدا”.

هەناردەى تورکیا بۆ عێراق کەمى کردووە

هەناردەى تورکیا بۆ عێراق کەمى کردووە