مەرجەکان چی بوون؟
یەکەکانی کەمئەندامان دابەش کران
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
ئەمڕۆ چوارشەممە یەکێتی کەمئەندامان تیروپشکی بۆ دابەشکردنی 200 یەکە بەسەر کەمئەنداماندا کرد و پێیان درا.
بەپێی زانیاری یەکێتییەکە، نزیکەی دوو هەزار و 500 فۆڕم پڕکراوەتەوە، لەو رێژەیەش 746 کەس مەرجەکانیان تێدا بووە و تیروپشکیان بۆ کرا.
یەکێتییەکە 240 یەکەی پێدراوە، بەڵام 40 یەکەیان دراوە بە چەند رێکخراوێکی دیکەی کەمئەندامان وەک ئۆتیزم و نابینایان.
سامان حوسێن، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە 964ی راگەیاند، لە کۆی ئەوانەی فۆڕمیان پڕکردبووەوە 746 کەس مەرجەکانیان تێدا بوو و ئەمڕۆ تیروپشکیان بۆ کرا و یەکەکان دابەش کران.
وتیشی، “مەرجەکان ئەوە بوون ئەو کەمئەندامە هیچ شتێکی بەناوەوە نەبێت و ئەندامی رێکخراوەکەمان بێت”.
یەکێتییەکە لە شاری سلێمانی پێنج هەزار ئەندامی هەیە، مانگی رابردوو پێدانی ئەو یەکانەیان راگەیاند، کە لە پڕۆژەی ژیانەوەدایە لە گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی.
سامان حسێن وتیشی، “راستەوخۆ لەگەڵ دەرچوونی یەکەکە بۆ هەرکەسێک پیشەکی پێنج هەزار دۆلاری لێوەردەگیرێت، ئەوەی دیکەی مانگانە 150 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا