هەولێر و بەغدا بە چڕیی لە گفتوگۆدان
964+
فەهمی نەبی -هەولێر
لەسەر ئاستی باڵا، ھەردوو شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆبوونەوە، لەسەر چەند پرسێکی ناکۆکی نێوانیان قسەیان کردووە، لەنێویاندا، پرسی یاسای بودجەی 2023.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی یاوەری گەیشتە بەغدا.
بەپێی راگەیەنراوێک لە نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبونەوەکە گفتوگۆ کراوە بۆ خێرا یەکلاییکردنەوەی ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە بەردەم پرۆژەیاسای بودجەی 2023.
هەمان کات، گفتوگۆ کراوە یاسای نەوت و گاز و چارەسەرکردنی بەپێی ئەوەی لە دەستوور هاتووە.
لە حکومەتی عێراقی ھەریەکە لە وەزیری پلاندانان، جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری نەوت، وەزیری دارایی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی، بەڕێوەبەری گشتی دەروازە سنووریەکان، راوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیران، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ، لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون.
لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە وەزیری دارایی، وەزیری کارەبا کە لە هەمان کات وەزیری سامانە سروشتیەکانە بە وەکالەت، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە بەغدا، بەشدارییان کردووە.
ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، لە ساڵی 2014 سەریهەڵدا، ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرد و بەهۆیەوە حکومەتی ئەو کاتەی عێراق، بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی.