جارێكی دیكه‌ خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق ده‌وه‌ستێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

جارێكی دیكه‌ خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق ده‌وه‌ستێت، له‌ كاتێكدا هێشتا قۆناغی یه‌كه‌م ته‌واو نه‌بووه‌.

غالب زاملی، ئه‌ندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌ میدیاكانی راگه‌یاندووه‌، رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌، یارییه‌كانی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق ده‌وه‌ستێت، دوای كۆتاییهاتنی گه‌ڕی 19ی خوله‌كه‌، كه‌ ده‌بێته‌ كۆتایی قۆناغی یه‌كه‌می خوله‌كه‌.

وه‌ستانی ئه‌م جاره‌ی خولی عێراق به‌ هۆی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه‌ له‌ پاڵاوتنه‌كانی مۆندیالی 2026 و هه‌روه‌ها پشووی نێوان هه‌ردوو قۆناغی خولی ئه‌ستێره‌كانه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ رۆژانی كۆتایی ساڵی رابردوو، بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 40 رۆژ، به‌هۆی به‌ڕێوه‌چوونی جامی ئاسیا له‌ قه‌ته‌ڕ، خولی عێراق وه‌ستا.

خولی ئه‌م وه‌رزه‌ی عێراق بۆ یانه‌ پێشه‌نگه‌كان، ناونراوه‌ خولی ئه‌ستێره‌كان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌ هاوكاریی ده‌سته‌ی لالیگای ئیسپانیا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، دوای رێككه‌وتنی هه‌ردوولا به‌ پێی یاداشتێك.

خوله‌كه‌ به‌ به‌شداریی 20 یانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌ر چوار یانه‌ی هه‌ولێر، دهۆك، نه‌ورۆز و زاخۆ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌شدارن.

یانەی نەورۆز بە گۆڕانکاریی گەورەوە بەشداری خولی عێراق ...

یانەی نەورۆز بە گۆڕانکاریی گەورەوە بەشداری خولی عێراق دەکات