تاقیکردنەوە بەراییەکان دەستیپێکرد
قوتابیانی پۆلی 12 دەڵێن غەدرمان لێدەکرێت
964+
وریا فەتاح
تاقیکردنەوە بەراییەکانى قوتابیانى پۆلى 12ـى ئامادەیى دەستیپێکرد، بەڵام هیچ بەشێکى پڕۆگرامى خوێندن تەرک نەکراوە و بە قسەى قوتابیان بێت “غەدریان لێکراوە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، تاقیکردنەوە بەراییەکانى قوتابیانى پۆلى 12 دەستیپێکرد، 964 دەزانێت هیچ بەش و بابەتێکى پڕۆگرامى خوێندن تەرک نەکراوە، واتا قوتابیان لە تاقیکردنەوە بەراییەکاندا بەبێ کەمکردنەوەى مەنهەج و لە پەڕەى یەکەم بۆ کۆتایى تاقیکردنەوە دەکەن، بەڵام لە تاقیکردنەوە گشتییەکانى کۆتایى ساڵدا، سوودمەند دەبن لەو بڕیارەى وەزارەتى پەروەردە کە تێیدا مەنهەجى قوتابیانى 12ـى کەمکردەوە.
یەکێک لە قوتابییەکان بەبێ ئەوەى بیەوێت ناوى بڵاو بکرێتەوە بە 964ـى وت،”ئەوە غەدرە لێمان دەکرێت، یەعنى چى بۆ تاقیکردنەوەى بەرایى ئێمە لە هەموو پڕۆگرامەکەدا تاقیکردنەوە بکەین، بەبێ ئەوەى هیچ بەشێک تەرک کرابیت، بەڵام لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا چەندین بەش و بابەت تەرک کراون و ناخرێنە تاقیکردنەوەوە”.
964 لە زارى بەرپرسانى وەزارەتى پەروەردە زانیویەتى، چونکە ئەو قوتابیانە بە شێوەى دەرەکى دەخوێنن، بایکۆت ئەوانى نەگرتووەتەوە، بۆیە لە هەموو پڕۆگرامەکە تاقیکردنەوە دەکەن.
تاقیکردنەوە بەراییەکان بۆ ئەو خوێندکارانەیە، کە بە شێوەى دەرەکى دەخوێنن و تاقیکردنەوەى بەرایى دەکەن بۆ ئەوەى بزانرێت دەتوانن بپەڕنەوە و بەشدارى تاقیکردنەوە گشتییەکان دەکەن یاخود نا.