کەلار.. خۆبەخشێک بەرزە پردی شێخ محمد تاڵەبانی تەواو بكات

+964
میلاد جەلال- كەلار

بەرزەپردی شێخ محەمەد تاڵەبانی لە رێگای کەلار رزگاری زیاتر لە ساڵێکە کارەکانی تەواو نەبووە، لێپرسراوی بەشی پرۆژەکانی شارەوانیش دەڵێت، چاوەڕێی وەبەرھێنێکن خۆبەخشانە تەواوی بکات.

درێژی پردەکە 90 مەترە، رێگای کەلار رزگاری و شەقامی پشتێنەیی کەلار پێکەوە دەبەستێتەوە.

لەلایەن وەبەرھێنەرێک دروستدەکرێت لەبەرامبەر پێدانی پارچە زەویەک لەناو بازاڕی کەلار لە تەنیشت گەنم فرۆشەکان بەمەبەستی دروستکردنی باڵەخانەیەک.

دلێر محەمەد، بەرپرسی بەشی پرۆژەکان لە شارەوانی کەلار بە +964ی وت “پرۆژەی بەرزەپردی شێخ محەمەد تاڵەبانی لەلایەن وەبەرھێنێکی کەلارییەوە خۆبەخشانە دروستدەکرێت لە ئێستادا 70٪ کارەکانی تەواو بووە”

وتیشی”گوژمەی پڕۆژەکە پێشتر سێ ملیۆن و دووسەد و شەست و یەك هەزار دۆلار بوو، بەڵام بەھۆی گۆڕانکاری لەھەندێک بەشی پرۆژەکە گوژمەکەی بووە بە نزیکەی چوار ملیۆن دۆلار، لەلایەن ئەو وەبەرھێنەوە دوو ملیۆن دۆلاری بۆ دابین کرابوو.

 ئێستا ئەو بڕە پارەیە تەواو بووە و شارەوانی داھاتی لەبەردەست نییە پڕۆژەکە تەواو بکات، چاوەڕێین لەڕێگەی وەبەرھێنەری ترەوە پردەکە تەواو بکرێت “گرێبەستی پڕۆژەکە لە 22ـی كانونی دووەمی 2021 ئەنجامدراوە، دەبوایە لە 25ـی كانونی یەكەمی2022 پرۆژەکە تەواو بکرایە، بەڵام ساڵێک بەسەر کاتی تەواوبوونی تێپەڕیوەو دیار نییە بە چەنێکی تر پڕۆژەکە تەواو دەبێت.