ئەو نانەواخانەی نانی هەرزانکردووە لە ناو بازاڕی پێنجوێن. وێنە :964
تا دوای رەمەزان
لە پێنجوێن نانەواخانەیەک 10 نان دەکات بە هەزار دینار
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەهۆی نزیکبوونەوە لە مانگی رەمەزان، نانەواخانەیەک لە پێنجوێن نانی هەرزان کردووە و 10 نان دەدات بە هەزار دینار.
لەو بارەیەوە محەمەد کەمال، خاوەنی نانەواخانەکە بە 964ـی راگەیاند، دەمانەوێت لە مانگی رەمەزاندا هاوکاری هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن بکەین و لە بەر ئەوەش لە ئەمڕۆوە تاوەکو کۆتا رۆژی مانگی رەمەزان نرخی 10 نان هەزار دینار دەبێت.
وتیشی، تەنیا ئامانجیان لەو کارە ئەوەیە خێریان دەستبکەوێت لەم مانگەدا و بۆ ئەوەش لە قازانجی دووکانەکەیان کەمکردووەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی رێنمایی و مەرجە تەندروستیەکانیان کارەکانیان بەڕێوەدەبەن و کێشی هەر گونکێک 90 گرامە.
لە قەزای پێنجوێن هەندێک نانەواخانە شەش نان دەدەن بە هەزار دینار و هەندێکی دیکەشیان هەشت نان، ئەو کارەش بەگوێرەی رێنمایی و لەژێر چاودێری قایمقامییەتی قەزای پێنجوێن ئەنجامدەدرێت.
بەگوێرەی ئەو رێنماییانەش ئەو نانەواخانەیەی شەش نان بدات بە هەزار دینار دەبێت کێشی گونکەکەی 120 گرام کەمتر نەبێت و ئەو نانەواخانەیەش کە هەشت نان دەدات بە هەزار دینار دەبێت کێشی گونکەکەی 90 گرام کەمتر نەبێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش