پارەی موچەی مانگی سێی موچەخۆرانی هەرێم خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی – وێنە؛ ئەرشیفی 964
دوای پرۆسەی "توطين"
موچەخۆرانی هەرێم دەتوانن سودمەند بن لەو پێشینانەی حکومەتی عێراق دەیدات
964+
فەهمی نەبی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوای پرۆسەی “توطين”ی موچە، موچەخۆرانی هەرێم وەک فەرمانبەرانی عێراق دەتوانن سومەندبن لەو پێشینانەی بانکە حکومییەکان بە فەرمانبەران دەیدەن.
د..جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ 964 وتی، پێشتر لەبەرئەوەی بۆ گەڕاندنەوەی پارە هیچ میکانیزمێک نەبوو بۆیە حکومەت پێشینەی بە فەرمانبەرانی هەرێم نەدەدا، بەڵام کاتێک لەرێگەی کارتی بانکیەوە حکومەتی عێراق موچە بە فەرمانبەرانی هەرێم بدات، هەمان میکانیزمی فەرمانبەرانی عێراقیە، ئەو کاتە پێشنیەکان بۆ فەرمانبەرانی هەرێمیش دەبێت، مانگانە لە موچەکەی دەبڕێت.
سەبارەت بە پشکی دامەزراندنی دەرچوانی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی دامەزراندن، د.جەمال کۆچەر وتی “باوەڕناکەم بۆ ئەمساڵ هەرێم بگرێتەوە، تەنیا هەرێم دەتوانێت کار لەسەر ئەو بڕیارە بکات لە بودجەی 2023 لە رەشنوسەکە وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی دابوو لەسەر دامەزراندنی 10 هەزار دەرچووی یەکەم و دووەم و سێیەمی هەرێم، ئەگەر پێداگیری لەسەر ئەوە بکرێت پێم وایە ئەنجامی دەبێت”.
لەبارەی پرۆسەی “توطين”ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت: بەبڕوای من 15 رۆژ بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە زۆریشە، چونکە هەرێم هەژماری بانکی بۆ 500 هەزار فەرمانبەر دروستکردووە دەتوانێت ئەو داتایە و هەموو داتای فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر سیدیەک بۆ بەغدای بنێرێت، ئەوەی دەوترێت عێراق ئەو پرۆسەیەی لە حەوت ساڵ تەواوکردووە، هۆکارەکەی ئەوە بووە حکومەتی عێراقیش مەبەستی نەبووە ئەو پرۆسەیە تەواو بکات، ئەگەرنا پرۆسەکە وا سەخت نییە وەک باس دەکرێت.
لەلایەکی دیکە عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی ژمارەی ئەمڕۆی راگەیاندووە، حکومەتی عێراق بۆ ئەم مانگەش پابەندی پێدانی موچەی فەرمانبەرانە، بەڵام بۆ مانگی ئادار وەک لایەنی جێبەجێکار ناچارە پابەندی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بێت بۆ پرۆسەی “توطين”ی موچەی فەرمانبەران.