پێشتر قه‌ده‌غه‌ى راوكردنیان راگه‌یاندبوو
هاوڵاتیانى گوندى خه‌مزه حه‌شارگه‌ى راوچییه‌كان تێكده‌ده‌ن
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
نزیكه‌ى 10 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر هاوڵاتیانى گوندى خه‌مزه‌ى سه‌ربە شارباژێر، قه‌ده‌غه‌ى راوكردنیان له سنووره‌كه‌یان راگه‌یاند، ئێستاش ئه‌و حهشارگانهیان تێكدا، كه راوچییه‌كان به‌مه‌به‌ستى راوكردنى ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان به‌كاریان ده‌هێنا.
فه‌رمان عیزه‌ت خه‌مزه‌یی، هاوڵاتى ئه‌م گونده‌یه به 964ـى وت، هه‌رچی حه‌شارگه‌ى راوچییه‌كان له‌سنوورى گونده‌كه‌یان دروستكرابوو، تێكیاندا.
وتیشی “راوچییه‌كان نزیكه‌ى هه‌شت حه‌شارگه‌یان له سنوورى گونده‌كه‌مان دروستكردبوو و ئه‌مڕۆ هه‌موویان تێكدران”.
به‌قسه‌ى ئه‌م هاوڵاتییه له‌وه‌ته‌ى قه‌ده‌غه‌ى راوكردن له گونده‌كه‌یان راگه‌یاندراوه، دوو حاڵه‌تى ده‌ستگیركردنى راوچییه‌كان هه‌بووه، یه‌كه‌میان له نێوان گونده‌كانى خه‌مزه و قوڵه‌ڕه‌ش، دووه‌میشیان له بازگه‌ى قه‌یوان.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ساڵى پار له‌لایه‌ن خه‌ڵكى گونده‌كه‌یانه‌وه نزیكه‌ى پێنج ملیۆن دینار كۆكراوه‌ته‌وه، بۆ ژیاندنه‌وه‌ى سه‌رچاوه ئاوییه‌كان و چاككردنى كانییه‌كانى سنووره‌كه‌یان خه‌رجكراوه، بۆ ئه‌وه‌ى ئاژه‌ڵ و باڵنده كێوییه‌كان سوودى لێوه‌ربگرن.
پێشتر، هاوڵاتیانى ئه‌م گونده رایانگه‌یاندبوو هه‌ر كه‌سێك له سنووره‌كه‌یان راوى باڵنده و ئاژه‌ڵ بكات، راده‌ستى یاسای ده‌كه‌ن، چونكه وه‌ك پێشتر بڵاویان كردبووه‌وه، چه‌ند جارێك داوایان كردووه راو له سنووره‌كه‌یان نه‌كرێت، به‌ڵام ده‌ڵێن، خه‌ڵك گوێی پێنه‌داوین و به‌رده‌وام راوى خۆیان كردووه.
عه‌مید هێمن كه‌مه‌رخان وته‌بێژى پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى سلێمانى به 964ـى وتبوو، بڕیاره‌كه‌ى گوندى خه‌مزه بۆ قه‌ده‌غه‌ى راوكردن، به بڕیارێكى باش زانى و دووپاتیشیكردووه كه ئه‌وان ده‌مێكه بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنى راوكردنیان له ته‌واوى سنوورى پارێزگاى سلێمانى داوه.