ئەدی بازاڕی لەنگە؟
شارەوانى هێڵى سوور بۆ دوکاندارانى هەولێر دادەنێت
964+
وریا فەتاح
شارەوانیى هەولێر، هیڵى سوور بۆ دوکاندارانى هەولێر دادەنێت و جێگرى سەرۆک شارەوانیش دەڵێت: هەر دوکاندارێک بێتە پێشەوە لێپێچینەوەى لەگەڵ دەکرێت.
کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانیى هەولێر قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: لە چوارچێوەی کارەکانی رێکخستنەوەی شەقام و لادانی زێدەڕۆیی، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی هەڵساین بە دانانی هێڵی سوور و رێکخستنەوەی شۆستە و شەقامەکان بۆ چەندین دوکان و خاوەن کار، لە هەر یەک لە بازاڕەکانی شێخ مستەفا و شێخەڵڵا و بازاڕی ئاردفرۆشان و نیشتمان و دوکانەکانی چواردەوری قەڵات.
بە وتەى سەرۆکى شارەوانى هەولێر، هەڵمەتەکە پێشتریش هەبووە و بەردەوامیش دەبێت، هەر دوکاندارێکیش پابەند نەبێت رێکارى یاسایى بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
لە بارەى بازاڕى لەنگەوە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا بەشێکى بەهۆى ئاگرەوە سووتا، کارزان عەبدولهادى، باسى لەوە کرد، بەهۆى ئەوەى پێشتر بەشێک لە زێدەڕۆییەکان لادران، توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەڵام وەک ئەوەى دەیڵێت: دوکاندارەکان هاوکاریمان ناکەن و زۆر جار شۆستە و شەقامەکان دەگرن.