گرێبەستانی كۆڕۆنا داوای مووچە دەكەن
+964
مریەم ئەحمەد-هەولێر
ئەمڕۆ لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر نوێنەری گرێبەستانی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا گردبوونەوە و داوای موچەی شەش مانگ دەكەن و حكومەتیش دەڵێت هەركاتێك بودجەی كۆرۆنا جێبەجێ كرا موچەكەیان پێدەدرێت.
لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران، نزیکەی 100 کارمەندی نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا گردبوونەوە، خۆیشیان بە نوێنەری ئەو پزیشكانەش ناساند كە لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا بە گرێبەست دامەزراون کە ژمارەیان 502 پزیشک و کارمەند دەبن.
ئەوان بۆ یەک داوا هاتبوونە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، ئەویش موچەی شەش مانگی رابردوویان کە هێشتا وەریان نەگرتووە..
دوو ساڵە پزیشكەكان گرێبەستیان بۆ كراوە و لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا لە كوردستان دەوام دەكەن.
دانا عەلی، نوێنەری گرێبەستەكانی كۆڕۆنا دەڵێت ”لە ئەنجومەنی وەزیران پێیان وتین ئێستا هیچ پارەیەكمان لەبەردەستدا نییە و هەركاتێكیش بوودجەی كۆڕۆنا پەسەندكرا موچەكەیان بۆ دابیندەكەین”.
پزیشكە گرێبەستەكانی كۆرۆنا لە مانگی حەوتی 2022ـەوە موچەیان وەرنەگرتووە کە موچەی هەر پزیشكێك 400 بۆ 500 هەزار دینارە.
ئەمە حەوتەمین جارە گرێبەستەكانی كۆرۆنا گرد دەبنەوە و داوای موچە دەكەن.