داوای چی دەکەن؟
کەمئەندامانی کەرکوک گردبوونەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
گواستنەوەی بەڕێوەبەرێک لە کەرکوک کەمئەندامانی هێناوەتە سەر شەقام و لە بەردەم تەندروستی ئەو پارێزگایە گردبوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی گواستنەوەکەی دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەک کەمئەندام بە نوێنەرایەتیی 14هەزار کەمئەندام لە بەردەم بینای فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک گردبوونەوە لە دژی گۆڕینی بەڕێوەبەری سەنتەری چاکسازی کەمئەندامان.
رەعد ساڵح نوێنەری کەمئەندامان بە 964ـی وت، لە شاری کەرکوک 14هەزار کەمئەندام هەن و ماوەی هەشت ساڵە دکتۆر کازم بەڕێوەبەری سەنتەری چاکسازی کەمئەندامانی سەر بە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوکە، “تا ئێستا وەک باوک و برا بۆ ئێمە کاری کردووە و بەردەوام دەرگای کراوە بووە بە شەو و رۆژ، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لە رووی دەروونییەوە هاوکارمان بووە و ئێستا داواکارین نەگۆڕدرێت”.
دکتۆر کازم حەیدەری، بەڕێوەبەری سەنتەری چاکسازی بۆ کەمئەندامان بە 964ـی وت، “ماوەی مانگێکە ئەو بڕیارە دەرچووە لە وەزیری تەندروستییەوە، بە هۆکاری ئەوەی کە بڕوانامەکەم تایبەتە بە پزیشکی خێزان و دەبێت بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی نموونەیی بم، نەک لەو سەنتەرە، بۆیە ئەمڕۆ دەستم لە کار کێشایەوە و بووم بە بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی واستی نموونەیی”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی