باخی گشتیی سلێمانی لە کەشێکی باراناویدا - وێنە: 964
تا ئێستا 441 ملیمە
لە سلێمانی 104 ملیم باران لە ساڵی رابردوو زیاتر باریوە
964+
پێشەوا محەمەد
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، رێژەی بارانبارین لە شاری سلێمانی زیاتر لە ساڵی رابردوو باریوە و پێشبینیش دەکەن کۆ گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ بگاتە هەزار ملیم.
ساڵی رابردوو تا ئەمکاتە 337 ملیم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ 441 ملیم باران باریوە.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەمساڵیش بە هەمان شێوەی دوو ساڵی رابردوو رێژەی بارانبارین باشە و تا ئێستا لە ساڵی رابردوو زیاتر باریوە.
ساڵی رابردوو زیاتر لە 800 ملیم باران لە شاری سلێمانی باریبوو، بە پێی قسەی بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بێت، پێشبینییان ئەوەیە ئەمساڵ رێژەی بارانبارین بگاتە نزیکەی هەزار ملیم.
بەپێی ئەو زانیارییانەی 964 لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەویی سلێمانییەوە وەریگرتووە، لە ماوەی ساڵانی رابردووی بێبارانیدا ئاوی ژێرزەویی سلێمانی 12 مەتر کەمیکردووە.
بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی، بۆ پڕکردنەوەی ئەو رێژە ئاوە لەدەستچووە پێویستە 10 ساڵ لەسەرەیەک باران لە 800 ملیم زیاتر ببارێت.