داخستنی سایدی گەڕانەوەی بەردەم پەیمانگەی تەکنیکی چەمچەماڵ _ وێنە: هاتوچۆی چەمچەماڵ
لەسەر شەقامێکی چەمچەماڵ
بۆ رێگری لە “سەرپێچی و رووداوی هاتوچۆ” یوتێرنێک داخرا
964+
ئەحمەد مستەفا
لە نزیک پەیمانگەی تەکنیکی چەمچەماڵ، یوتێرنێک (سایدی گەڕانەوەی ئۆتۆمبێل) لەسەر شەقامی سەرەکی دەرەوەی قەزاکە بەربەرست کرا و داخرا، هاتوچۆی قەزاکە دەڵێت، ئەو یوتێرنە بەردەوام سەرپێچی تیادا دەکرا و بەهۆیەوە خەڵک گیانیان لەدەستداوە.
ئەم هەواڵە، هاتوچۆی قەزاکە وەک ئاگاداربوون لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، بەڵام ژمارەیەک نیگەرانی لەسەر بڵاوکراوەکە لەلایەن خەڵکی قەزاکەوە نوسراون، 964 دەزانێت، ئاوەدانکردنەوەی چەمچەماڵ بە بەربەستکردنی یوتێرنەکە هەستاوە، بەڵام لارینەبوونی هاتوچۆی قەزاکەشی لەسەر بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28.2.2024، شێرزاد محەمەد، وتەبێژی هاتوچۆی قەزای چەمچەماڵ بۆ 964 ئەوەی وت، بۆ چوونە بەنزینخانەیەک و چوون بۆ پەیمانگەی تەکنیکی چەمچەماڵ، سەرپێجی زۆر کراوە لە رێگەی یوتێنرنەکە و ژمارەیەک رووداوی هاتوچۆ بەهۆیەوە دروستبووە، تەنانەت کەسێک ماوەی رابردوو بەوهۆکارە گیانی لەدەستداوە.
ئەو وتی، بۆ پاراستنی سەلامەتی شۆفێران یوتێرنی، بەردەم پەیمانگەی تەکنیکی چەمچەماڵ- یان داخستووە، چەند 100 مەترێک لە دواتر یوتێرنێکی دیکە (سایدی گەڕانەوە) بەئاڕاستەی پێجەوانەی شەقامەکە بوونی هەیە، بۆیە دەکرێ شۆفێران ئەو یوتێرنەی دواتر بەکاربهێنن.
لە ئاگاداری نامەکەی هاتوچۆی چەمچەماڵدا ژمارەیەک خەڵک رایان دەربڕیوە و نیگەرانن لە داخستنی یوتێرنەکە، وتەبێژەکەی هاتوچۆی چەمچەماڵ وتی، سەلامەتی گیانی خەڵک بۆ هەمووان لە پێشترە، ئەوە هەنگاوێک بووە تا شۆفێران لە هۆکارەکانی سەرپێچی دووربکەونەوە و رووداوی نەخوازراو زیانیان پێ نەگەیەنێت.