لۆگۆی کشتوکاڵی سلێمانی
لە سلێمانی
120 کەس دامەزران
پێشەوا محەمەد
لە شاری سلێمانی 120 دەرچووی بەشە کشتوکاڵییەکان لە پڕۆژە تایبەتەکاندا دامەزراون و بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی، چوار هەزار دەرچوو لای ئەوان ناویان نووسیوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە خولێکی 100 رۆژەی بۆ ئەو چوار هەزار دەرچووە کردووەتەوە و ئامادەی کردوون و دەربارەی پاراستنی سامانی ئاژەڵ، زانستی خۆراک، سەوزەی داپۆشراو و چەندان بوواری تری کشتوکاڵی زانیارییان پێدراوە.
“ئەو دەرچووانە موچەکەیان لە نێوان 350 بۆ 700 هەزار دینار دیاری کراوە، بەڵام زۆرینەی پڕۆژەکان 350 بۆ 400 هەزار دیناریان پێدەدەن”، ئەوە قسەی شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانییە بۆ 964.
وتیشی، “بەردەوام لەسەر هێڵین و لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیا و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان کۆبوونەوەمان کردووە، کە دەبێت دەرچووی کشتوکاڵی دابمەزرێنن و پابەندبن بە بڕیارەکەوە”.
بڕیاری دامەزراندنی دەرچووی بەشە کشتوکاڵییەکان لە پڕۆژە کشتوکاڵییە تایبەتەکان لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە دەرچووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی دەشڵێت، دامەزراندنی ئەو دەرچووە بۆ پڕۆژەکان گرنگە چونکە کارەکانی بە زانستی دەکات و بۆ حکومەتیش ئەو سوودەی هەیە بەردەوام چاودێرێکی لەسەر پڕۆژەکان هەیە.