عێراق بە پاسپۆرتی دیبلۆماسی ریکۆردێکی نوێی تۆمار کردووە

+964

بەهرە محەمەدئەمین

لە چوار ساڵدا عێراق زۆرترین پاسپۆرتی دیپلۆماسی دابەشکردووە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمیش دەڵێ: جگە لە وەزیرو هاوپلەکانی نەبێت، هیچ کەس ئەو پاسپۆرتەی وەرنەگرتووە.

هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی، لە رێگەی دەروازەی تایبەتەوە لە فرۆکەخانەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کۆمپانیا و هۆتێلەکانیش باشترین خزمەتگوزاریەکانیان پێشکەش دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک بەپێی یاسایەک پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی رێکخستووە، ئەو دەسەڵاتەش بە وەزیری دەرەوە دراوەو ئەم پاسپۆرتەش دەدرێت بە وەزیرانی کابینەی حکومەت، پەرلەمانتاران، باڵوێز و ئەوانەی لە باڵوێزخانەکان کاردەکەن، ئەوانەشی کە هاوپلەی وەزیرن. جگە لەوانە ئەوا دەوڵەت بڕیار دەدات کە پاسپۆرتی دیپلۆماسی دەدات بە کێ.

 سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ: لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا وەزارەتی دەرەوەی عێراق 18 هەزارو 881 پاسپۆرتی دیبلۆماسی دەرکردووە، ئەمەش “رێژەیەکی بێ هاوتایە”.

پێوەند بەوەی لە ئاستی کوردستاندا چەند کەس پاسپۆرتی دیپلۆماتی وەرگرتووە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لەبارەی پشکی کوردستان بۆ +964 رایگەیاند: هیچ رێژەیەکی دیاریکراو بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بابەتەکە بە گوێرەی پێویستی و مەرجەکانە.

 بە گوتەی دزەیی، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆ، ئەم پاسپۆرتەی بۆ وەزیر و پلە تایبەتەکان وەرگرتووە.

محمد سدیق، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی کە لە عێراق دەرچووە وتی “لیژنە زانیاری نییە کە ئەو ئامارە تا چەند دروستە، بۆیە داوای روونکردنەوەمان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە”.