نابینایەک بە دەستلێدان خانوو دەکڕێ و دەفرۆشێ
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
بەکر عەلی ئەحمەدی تەمەن 62 ساڵ، لەگەڵ ئەوەی چاوەکانی لە دەست داون، بەڵام نووسینگەیەکی خانووبەرەی لە شاری سلێمانی داناوە و دەڵێت: بە دەست لێدان دەزانم ئەو بینایەی دەچمە سەری چۆنە.
دوکانەکەی بەکر عەلی، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانییە، ماوەی 21 ساڵە ئەو نووسینگەیەی هەیە.
لە وەڵامی ئەوەدا کە چۆن دەتوانێت بەبێ بینین باشی و خراپی بینایەک جیاکاتەوە، بەکر عەلی بە 964+ـی وت “ئێمەی نابینا زەینمان روونترە و بچمە سەر هەر خانووێک دەست لە گەچ و دەرگا و پەنجەرەکانی بدەم دەزانم چۆنە.
ساڵی 2000، خاڵە بەکر هاوسەرگیری دەکات و باوکی سێ منداڵە.
“بە پێی ئەزموونی خۆم توانیومە لە کارەکەمدا سەرکەوتوو بم کەسیشم لەگەڵ نییە، زۆرێک لە هاوڵاتیانیش سەردانم دەکەن و کارەکەشیان سەدلەسەد جێبەجێ دەکەم و تا ئێستاش گلەییم لێنەکراوە”، بەکر عەلی وای وت.
خاڵە بەکر، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی سلێمانی بووە، ساڵی 1990بەهۆی نەخۆشییەوە چاوەکانی لەدەست دەدات و خانەنشین دەکرێت، ساڵی 2002 نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دادەنێت.
وەک ئەو دەڵێت: کاتێک هاوڵاتییەک دەچێت و ناونیشانی خانووەکەی دەداتێ بۆی بفرۆشێت یان بۆی بەکرێ بدات، زانیاری لێوەردەگرێت و لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە.
تەنانەت دەڵێت “زۆرجار روویداوە خاوەن نووسینگەکانی تر پرسیاری خانوو و شوێنەکانیان لە من کردووە و پێم وتوون”.