دهۆکییەکان لەکاتی خۆیدا بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن و دەحەسێنەوە
+964
عەمار عەزیز – دهۆک
بریارێکی ئەنجوومەنی پاریزگای دهۆک کێشەی دواکەوتنی بەشە خۆراکی مانگانەی لە پارێزگای دهۆک چارەسەر کردووە.
بڕیارەکە لە 16ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکدا دراوە، کە چیتر خۆراک لە کۆگاکان هەڵنەگیرێت و راستەوخۆ دابەش بکرێت، هەروەها ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی دابەشکردنەکە بۆ 23 ئۆتۆمبێل زیاد کراون.
عەبدولسەمەد تێلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە +964ـی وت: لە دوای دەرکردنی ئەو بڕیارە تا ئێستا 22 هەزار تەن خۆراکی ناو کۆگاکان بەسەر بریکارەکاندا دابەش کراوە.
+964 دەزانێت، ئەو خۆراکەی لە کۆگاکاندا بوون هی بەشە خۆراکی مانگەکانی تەمووز، ئاب و ئەیلوولی ساڵی رابردوو بووە، ئیستا مانگەکانی تەمووز و ئاب دابەش کراون و مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمیش دوای تەواوبوونی مانگەکانی تر دابەش دەکرێن.
پارێزگای دهۆک ملیۆنێک و 300 هەزار دانیشتووی هەیە.
عەبدولسەمەد تێلی دڵنیایی دەداتە دانیشوانی دهۆک، کە چیتر خەم لە دواکەوتنی بەشە خۆراکی مانگانە نەخۆن، “ئێمە بەردەوام چاودێریی ئەو پڕۆسەیە دەکەین”.