لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کۆیە
کوڕەکەی گیانی لەدەست دا
تەندروستیی ئەو دایکە چۆنە کە دوێنێ لەگەڵ منداڵەکەی کارەبا گرتنی؟
پێشەوا محەمەد
دایکی ئەو مێرمنداڵەی دوێنێ بەیەکەوە کارەبا گرتنی، نەخۆشخانەی جێهێشت، بەڵام منداڵە 10 ساڵانەکەی گیانی لەدەست دا.
دوێنێ شەممە لە کۆمەڵگەی قەڵاتە لە ناحیەی شوان، دایک و کوڕێک دەچنە سەربانی ماڵەکەیان بە مەبەستی کولێرەکردن، لەوکاتەدا دایکی دەست بە وایەرێکەوە دەگرێت کە وەک تەنافی جلهەڵخستن بەکاریانهێناوە، لەوکاتەدا کارەبا دەیگرێت و منداڵەکەشی لە هەوڵی رزگارکردنی دایکیدا کارەبا دەیگرێت و گیان لەدەست دەدات.
هاوکار عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، دایکەکەیان بە بێهۆشی بردووە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کۆیە، بەڵام چارەسەری بۆ کراوە و ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە دەرکراوە و نێردراوەتەوە ماڵەوە.
وتیشی، “کارەباکە بۆ سەر منداڵەکە بەهۆی تەمەنەکەیەوە کاریگەریی زۆر بووە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە”.
ئەو مێرمنداڵەی گیانی لەدەستدا لە پۆلی چواری بنەڕەتی بوو، ئەمڕۆ یەکشەممە هاوڕێکانی لە قوتابخانە وێنەی ئەویان بەدەستەوە گرتبوو و لە شوێنەکەشی نێرگز و گوڵیان دانابوو، دواتر مامۆستاکانیشی گوڵیان بردە سەر گۆڕەکەی.