دەربەندیخانییەکان لە کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەش بوون

+964

میلاد جەلال – دەربەندیخان

لەگەڵ ئەوەی خاوەنی بەنداوەو کارەباش بەرهەم دەهێنێت، کارەبای نیشتمانی لە دەربەندیخان نەک هەر کەمی کردووە، بەڵکو هی مۆلیدەش کەمی کردووە.

کارەبای نیشتیمانی لە قەزای دەربەندیخان، بۆ 10 کاتژمێر کەم بۆتەوە، قایمقام دەڵێت، لەبەر رەچاوکردنی دۆخی ئابووری هاوڵاتییان، بڕیارمانداوە دوو کاتژمێر کارەبای مۆلیدەش کەم بکەینەوە.

لەگەڵ هاتنی شەپۆلی سەرما، پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە قەزای دەربەندیخان لە 14 کاتژمێرەوە کەم بۆتەوە بۆ 10 کاتژمێر.

سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، قسەی بۆ +964 کرد و وتی “کارەبای نیشتمانی دەربەندیخان کەم بۆتەوە، ئێمەش بە ناچاری بۆ ئەوەی پارەیەکی کەمتر لەسەر هاوڵاتییان بکەوێت، کارەبای مۆلیدە ئەھلیەکانمان لە نۆ کاتژمێرەوە بۆ حەوت کاتژمێر کەمکردووەتەوە”.

 +964 زانیویەتی، بڕیارەکەی قایمقامییەت، لە رۆژی چوارشەممە 11ـی ئەم مانگە جێبەجێ دەکرێت.

ئەگەرچی قەزای دەربەندیخان لە ساڵی 1955-ەوە، بەنداوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەڵام بە گوتەی قایمقام، بە هۆی ئەوەی ساڵی رابردوو وشکە ساڵی بووە، ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە کەمی کردووە، لە ئێستادا ئەو بەنداوە رۆژانە تەنیا توانای بەرهەمهێنانی چوار کاتژمێر کارەبای هەیە.